چوار مووشەك لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی كەوتنەخوارەوە
باڵیۆزخانەكان زەنگی ئاگاداركردنەوەیان لێدا
K24 - ھەولێر
چوار مووشەك لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی كەوتنە خوارەوە و باڵیۆزخانەكانیش زەنگی ئاگاداركردنەوەیان لێدا.
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەك "درەنگانی شەوی رابردوو چوار مووشەك لە دەورووبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كەوتوونەتە خوارەوە، شەش كەس بریندار بوون كە برینی دووانیان سەختە".
ھاوكات دوای كەوتنەخوارەوەی ئەو مووشەكانە، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا و باڵیۆزخانەكانی دیكەی بەغدا، زەنگی ئاگاداركردنەوەیان لێداوە و كەوتوونەتە ئامادەباشی، بۆ ئەگەری كەوتنەخوارەوە و ئاراستەكردنی مووشەكی دیكە، تائێستا نەزانراوە ئەو مووشەكانە لە كوێوە ئاراستە كراون. میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووەتەوە "ئامانجی ئەو مووشەكانە، ھێزەكانی ئەمەریكا و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بووە".
لەلایەكی دیكەوە، شانەی راگەیاندنی جەنگی، پووچەڵكردنەوەی دوو مووشەكی كاتیۆشای راگەیاند، لە فەرماندەی بەلەدی سەربازی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، بەبێ ھیچ زیانێكی گیانی و ماددی.
