یۆنان کێشەی سنووری دەریایی و رێککەوتنی لیبیا و تورکیا دەباتە نهتهوهیهكگرتووهكان
توركیا و لیبیا رێككهوتن
K24 – ههولێر:
نەوت و گازی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ناکۆکی نێوان وڵاتانی ناوچەکەی قووڵتر کردووەتەوە، لە کاردانەوەی رێککەوتنی لیبیا و تورکیا لەسەر سنوورە ئاوییەکانی نێوان حکوومەتی یۆنان رایگەیاند، لەسەر گازاندەی خۆی لەسەر رێککەوتنهرکە لە نەتەوەیەکگرتووەکان تۆمارکردووە، ئەسینا پێی وایە ئەو رێککەوتنە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
هاوکات هەفتەی رابردوو یۆنان باڵیۆزی لیبیای لە وڵاتەکەی دورخستەوە، هۆکارەکەشی بۆ توڕەیی وڵاتەکەی گەڕاندەوە لە رێککەوتنی ئەنقەرە و ترابلوس کە دەگاتە دوورگەی کریتی یۆنان، نزیکبووەنەوە لەو دوورگەیەش دەستبردنە بۆ سەروەرییەکانی ئەسینا.
گووتەبێژی حکوومەتی یۆنان رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە بە نیازێکی خراپ کراوە، ئاماژەی بەوەدا رێککەوتنەكه پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانە لە بارەی سنوورە ئاوییەکان، هاوکات لیبیا و تورکیا هیچ سنوورێکی دەریایی هاوبەشیان نییە و لە هیچ شوێنێک یەک ناگرنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بە هۆی بوونی قەبارەیەکی گەورەی گازی کۆگاکراو لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وڵاتانی ناوچەکە لە کێبڕکێدان بۆ دیاریکردنی سنوورە دەریاییەکانیان و داوای سەروەری ناوچەکە دەکەن، تورکیاش ماوەیەکی درێژە لەگەڵ قوبرس لە ناکۆکی دایە بەهۆی بوونی یەدەگێکی زۆری نەوت و گازی لە دوورگەکەدا.
هەروەها تورکیا و یۆنان لە ناکۆکی بەردەوامدان لەسەر مافی کانزاگەری لە دەریای ئیجە، یۆنان دەڵێت لیبیا لە رێگەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ تورکیا فێڵی لێکردوون.
ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا و لیبیا رێککەوتوون لەسەر نەخشاندنی رێڕەوێکی دەریایی لە نێوانیان، رەنگە ئەوەش سەرەتایەک بێت بۆ پڕۆسەی گەڕان و بەدواداچوونی گازی سروشتی لە ناوچەکە.
لەو بارەیەشەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا رێککەوتنەکە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لەبەرامبەریشدا ئەسینا داوا لە هاوپەیمانەکانی لە یەکێتی ئەوروپا دەکات، کار بکەن بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا و لیبیا، ئەگەر رێککەوتنەکە هەڵنەوەشێننەوە.