دوو کورد لە هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا سەرکەوتن
چوار کورد کاندید بوون
K24 – ههولێر:
لەکۆی چوار کاندیدی کورد بۆ پەرلەمانی بەریتانیا، دوو کورد توانیان لەم ھەڵبژاردنەدا سەربکەون و ببنە پەرلەمانتاری بەریتانیا.
نەدیم زەھاوی خەڵکی خانەقینە و سەرکەوتنی بەدەستھێنا؛ لەناو کاندیدە کوردەکان بە کۆکردنەوەی 33 هەزار و 343 دەنگ، توانی زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی کاندیدە کوردەکان بەدەستبهێنێت.
فریاڵ کلارک کوردێکی باکوری کوردستانە و بەھەمان شێوە توانی سەرکەوتن بەدەستبێنێت و بگاتە پەرلەمانی بەریتانیا ، فریاڵ ژمارەی دەنگەکانی 23 هەزارو 240 دەنگ بوو.
ئیبراھیم دوگوز خەڵکی باکوری کوردستانە و نەیتوانی بگاتە پەرلەمانی بەریتانیا و ژمارەی دەنگەکانی ١٥,٢١١ دەنگ بوو.
هەروەها، کاوە بەھەشتیزادە کە خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستانە، نەیتوانی بگاتە پەرلەمانی بەریتانیا و ژمارەی دەنگەکانی حەوت هەزار 749 دەنگ بوو.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژارانی پەرلەمانی بەریتانیا، پارتەکەی بۆریس جۆنسن، پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە مسۆگەرکردنی 364 کورسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بڕیارە پلانی چوونە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ بکات.
H.J