جموجوڵی داعش خەڵكی گەرمیان ناچار بە چەك ھەڵگرتن دەكات
پێشمەرگە بنكهی سهربازیی زیاتر لە سنووری زەنگاباد دادەمەزرێنێت
K24 - گەرمیان
بەهۆی ههڕهشه و مەترسییەکانی چهكدارانی داعش، هاووڵاتیانی کوردی نیشتهجێی سنووری زەنگاباد ناچار بوون چەک هەڵگرن و پاسەوانی و پارێزگاری له گیان و ماڵی خۆیان بکەن. داواكارن پێشمەرگەی زیاتر رهوانهی سنوورهكهیان بكرێت و بنكه و بارەگای زیاتری سەربازیی بکرێنهوه. فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت "لە هەنگاوی یەکەمدا چواردە بنکەی سەربازییمان دامهزراندووه و ژمارەی بنكهكانیش زیاتر دەکەین".
پەلاماری داعش بۆسەر گوندنیشنانی زەنگاباد لە سنووری شارەدێی کوڵەجۆ و گوڵاڵە بەجۆرێک زیادی کردووە، کە هاووڵاتیانی ناوچەکە له پێناو پاراستنی گیان و ماڵی خۆیان ناچار بوون چەک هەڵگرن. بەشێك لە ھاووڵاتیانی ناوچەكە بۆ پاراستنی سەروماڵیان چەكیان كردووەتە شان و لە شەوانیشدا دەبن بە پاسەوانی گوندەكانیان.
بە فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە لە هەنگاوی یەکەمدا بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیانی ناوچەکە لە هەموو ئەو رێگهیانهی مەترسی دزه كردنی چهكدارانی داعشی لێ دهكرێت، ھێز پێشمەرگە زیاد كراوە و ئامادەکاری بۆ زیاد کردن و دامهزراندنی بنكهی سهربازیی كراوە.
له چەند مانگی رابردوودا چهكدارانی داعش لە ناوچەی کوڵەجۆ و گوڵاڵە و دەکە و ناوچەی نەفتخانە، کە دەکەونە سنووری شارۆچكهی خانەقین و کفری چەندین جار ھێرشیان كردووە.
ھ.م