خۆپیشاندەرانی عێراق ژمارەیەك بارەگای حزبەكانیان سووتاند

چەند رێگەیەكی سەرەكی لە بەغدا داخران

K24 - ھەولێر

خۆپیشاندەرانی عێراق ژمارەیەك بارەگای پارتە سیاسییەكانیان سووتاند و چەند رێگەیەكی سەرەكی بەغداشیان داخست.

بەگوێرەی میدیاكانی عێراق، ژمارەیەك بارەگای حزبی دەعوە و رەوتی حیكمە و رێكخراوەكانی بەدر و عەسائیب ئەھلولحەقیان لە شاری دیوانیەی ناوەڕاستی پارێزگای قادسییە سووتاندووە.

لەلایەكی دیكەوە خۆپیشاندەران رێگەی محەمەد قاسمیان لە ناوەڕاستی شاری بەغدا داخستووە. چەند رێگەیەكی دیكەی سەرەكی لەلایەن خۆپیشاندەران لە پارێزگای نەجەف داخران. لە شارەكانی كەربەلا و دیوانیەش چەندین رێگەی سەرەكی داخراون.

دوای بڵاوبوونەوەی كاندیدكردنی ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسڕە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، خۆپیشاندەران لە شارەكانی ناوەراست و باشووری عێراق، كاندیدكردنی سەرجەم ئەو كەسانە رەتدەكەنەوە، كە لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە باسیان لێوە دەكرێت و بە بەشێك لە پرۆسەی سیاسی و گەندەڵی ناویان دەبەن.

ھ.م