سه‌رۆكایه‌تی توركیا: له‌ئاست مامه‌ڵه‌ی وڵاتانی كه‌نداو له‌گه‌ڵ مه‌زڵوم كوبانێ بێده‌نگ نابین
ده‌یانه‌وێت دژی توركیا به‌كاری بهێنن

K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، "ئیبراهیم كالن"، ره‌خنه‌ی له وڵاتانی كه‌نداو گرت به هۆی مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ "مه‌زڵوم كوبانێ"، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده).
"ئیبراهیم كالن" رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی بێده‌نگ نابێت له ئاست ئه‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ "فه‌رهاد عه‌بدی شاهین" ناسراو به "مه‌زڵووم كوبانێ" ئه‌نجام ده‌درێن.
گوتیشی: "ئێمه هه‌ندێك وڵاتی كه‌نداو ده‌بینین كه له‌گه‌ڵ مه‌زڵوم كوبانێ كۆده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دژی توركیا به‌كاری بهێنن و ئه‌وه به بێ وه‌ڵام له لایه‌ن توركیاوه تێناپه‌ڕێت".
"ئیبراهیم كالن"، له باره‌ی ناوی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌نداو كه دیداریان له‌گه‌ڵ "مه‌زڵوم كوبانێ" رێكخستووه، هیچ زانیارییه‌كی بڵاونه‌كرده‌وه.
"مه‌زڵوم كوبانێ" ته‌مه‌نی (43) ساڵه و خه‌ڵكی گوندی "هه‌لنج"ـی كوردیی سه‌ر به كوبانێیه. ناوی خراوه‌ته لیستی داواكراوانی توركیاوه.
سه‌رچاوه: CNN