حەشد ژمارەی كوژراوانی بۆردومانەكەی شەوی رابردوو ئاشكرا دەكات

ئەمەریكا ھێزەكانی حەشدی بۆردومان كرد

K24 - ھەولێر

حەشدی شەعبی ئاشكرای دەكات، لە ئەنجامی بۆردومانەكانی ئەمەریكا، بۆ سەر ھێزەكانیان 25 كوژراو و 51 بریندارییان ھەیە و سێ ئەفسەری ئێرانیش كوژراون.

ناوەندی راگەیاندنی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ژمارەی قوربانییانی بۆردومانەكانی ئەمەریكا بۆ سەر بارەگاكانی حزبوڵڵای عێراقی و حەشد بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 25 كوژراو و 51 بریندار.

ئاشكراشی دەكات، ئەگەر ھەیە ژمارەی كوژراوان بەرز ببێتەوە و بەشێك لە برینداران برینەكانیان سەختە.

ھەروەھا چەند میدیایەك بڵاویان كردووەتەوە، لەنێو ئەو كوژراوانەدا، سێ ئەفسەری ئێرانی ھەن و پێشتریش حەشدی شەعبی دانی بەوەدا نابوو كە لەنێو کوژراوەکان ئەبو عەلی خەزعەلی فەرماندەی لیوای 45 حەشدی شەعبی ھەیە.

لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسێكی ئەمنی بڵاوی كردووەتەوە، درەنگانی شەوی رابردوو چوار مووشەكی كاتیۆشا ئاراستەی بنكەی سەربازی تاجی لە نزیك بەغدا كراون، كە سەربازانی ئەمریكی لێدەمێننەوە، بەڵام ھیچ قوربانییەكی لێنەكەوتووەتەوە.

پێشتر حەشدی شەعبی ئاشكرای كردبوو كە ئێواره‌ی دوێنێ باره‌گای لیوای (45)ـی حه‌شد له‌ ناوچه‌ی "غابة سلوم" و "الحرش"ـی  سنووری عێراق – سووریا رووبه‌ڕووی سێ بۆردومانی ئاسمانی سوپای ئه‌مه‌ریكا بووه‌ته‌وه.‌

ھ.م