فه‌تح له ئه‌مه‌ریكییه‌كان توڕه‌یه
داوایه‌ك له هێزه سیاسییه‌كان و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانێتی فه‌تح، داوا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات، بڕیارێكی خێرا و بوێرانه بدات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه بیانییه‌كان له خاكی عێراق بكرێنه ده‌ره‌وه.
ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه كه هادی عامری سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و زۆرینه‌ی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌خۆگرتووه رایگه‌یاندووه: "ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان كردیانه سه‌ر لیواكانی 45 و 46ـی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌ی قائیمی پارێزگای ئه‌نبار، ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری نیشتمانی و شكۆی عێراق، ئه‌و كرده تاوانكارییه له‌لایه‌ن عێراقییه‌كان ره‌تده‌كرێته‌وه و وه‌ڵام ده‌درێته‌وه و به‌ره‌نگاریی هه‌ر ئالنگارییه‌ك ده‌بنه‌وه كه په‌یوه‌ست بێت به سه‌روه‌ری و شكۆی عێراقه‌وه".
هاوپه‌یمانێتییه شیعییه‌كه داوا له هێزه نیشتمانیی و قه‌واره سیاسییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات، بڕیارێكی خێرا و بوێرانه بده‌ن و داوا له حكووه‌مه‌تی عێراق بكه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رجه‌م هێزه بیانییه‌كان له خاكی عێراق بكاته ده‌ره‌وه، چونكه بوونی ئه‌و هێزانه وه‌ك خه‌نجه‌رێكه له جه‌سته‌ی نیشتماندا".
زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌م هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكا توڕه و نیگه‌ران بوون، به‌ڵام هێشتا كه‌سیان وه‌ك ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌توندی دژی بۆردوومانی بنكه و باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌نگی هه‌ڵنه‌بڕیوه و هه‌ڕه‌شه‌ی له ئه‌مه‌ریكییه‌كان نه‌كردووه.
موهه‌ندیس له‌ناو كۆڕێكی لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌ڕه‌شه‌ی لێپرسینه‌وه له ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و هۆشداریی ده‌دات و ده‌ڵێت: "لێپرسینه‌وه له ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كه‌ین و رۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له رووبه‌ڕوویان ده‌وه‌ستنه‌وه، بارودۆخێك رووده‌دات ئه‌مه‌ریكییه‌كان و باڵێۆزی ئه‌مه‌ریكا پێشبینییان نه‌كردبێت".
جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو هوتافكێشانی لایه‌نگرانی حه‌شدا به‌ده‌م گوتنه‌وه‌ی (لبیك یا حسین) ده‌ڵێت: "بێده‌نگ نابین و ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌بێت بزانن له عێراق و سووریا رووباری خوێن هه‌ڵده‌ستێ".
به‌ڵام رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در بۆچوونێكی دیكه‌ی هه‌یه و تكا ده‌كات عێراق له شه‌ڕ و ململانێی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئیرانه‌وه نه‌گلێنرێت.
رێبه‌ره شیعییه‌كه له تویته‌ره‌وه نوسیوویه‌تی: "پاش ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له قائیمی سه‌ر به پارێزگای ئه‌نبار له رۆژئاوای عێراق بنكه سه‌ربازییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییان بۆردوومان كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم عێراق بخزێنرێته ناو شه‌ڕی ئه‌مه‌ریكا و ئێران و له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیش نیم، چونكه نامه‌وێت عێراق به‌زۆر بخزێنرێته ناو جه‌نگه‌كه و وڵاته‌كه ببێته مه‌یدانی ململانێكانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا".
سه‌در ده‌ڵێت: "پێویستمان به هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جددییه له‌لایه‌ن گه‌وره‌پیاوانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی عێراق له‌و جه‌نگه ماڵوێرانكه‌ره دووربخه‌ینه‌وه كه ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه ده‌سووتێنێ و ده‌یكاته خۆڵه‌مێش".
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی شیعه ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، پێویسته گه‌لانی عێراق ده‌نگهه‌ڵبڕن و سه‌ركۆنه‌ی شه‌ڕ و به‌زۆر خزاندنی عێراق بۆ ناو ئه‌و جه‌نگه بكه‌ن".
ته‌ئكیدیشی كردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر عێراقییه‌كان یه‌كڕیز نه‌وه‌ستن و به‌جددی هه‌نگاونه‌نێن، ئه‌وه ئه‌و شه‌ڕه ده‌بێته كۆتایی عێراق. چونكه ئێمه پێویستمان به ئاشتی و بونیادنانه‌وه‌یه، عێراق بۆ ئه‌وه نابێت و توانای ئه‌وه‌ی نییه بخزێنرێته ناو جه‌نگه‌وه، هه‌ر لایه‌نێكیش بیه‌وێت ئه‌وه بكات ئه‌وه دوژمنی گه‌له".
ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه 29/12/2019 فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا 5 بنكه‌ی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵلای عێراقی و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێرانیان له‌ناو عێراق و سووریا كرده ئامانج. 3 بنكه‌یان له ناو خاكی عێراقدا بوون له پاریزگای ئه‌نبار، دوو بنكه‌ی دیكه‌شیان له‌ناو سووریادان و به بنكه‌ی سه‌ربازیی میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران ناو ده‌برێن.
به‌گوێره‌ی دوایین ئامار كه حزبوڵڵای عێراق خۆی رایگه‌یاندووه، 25 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی و میلیشیاكان كوژران و زیاتر له 50 چه‌كداری دیكه‌ش بریندار بوون.