3 هه‌زار سه‌ربازی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكی به‌ڕێوه‌یه
پێشتریش 750 دیكه‌ی ناردووه
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای ده‌كه‌ن، وه‌زاره‌تی به‌رگری (پنتاگۆن) ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ناردنی 3 هه‌زار سه‌ربازی دیكه‌ی داوه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، ناردنی ئه‌و هێزه ئه‌مه‌ریكییه، به‌هۆی هه‌ڵكشانی ئاستی گرژییه‌كانه له ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تیش له عێراق، كه له سه‌ره‌تاوه له بۆردومانكردنی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێده‌كات، تا ده‌گاته هه‌ڵكوتانه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا و دواتریش كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس.
ئاژانسه‌كه پاڵپشت به گوته‌ی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌یان ئاشكرا بكات باس له‌وه ده‌كات، ئه‌و هێزه 3 هه‌زار كه‌سییه، جیاوازه له‌وه‌ی پێشتر نێردراوه‌ته بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له كوه‌یت، كه ژماره‌یان 750 سه‌ربازه.
ئ. م