پۆ‌مپێیۆ: ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچوو ئه‌مه‌ریكا چاوپۆشی له تیرۆریستان بكات
"قاسم سوله‌یمانی له‌ناو تۆڕێكی جاڵجاڵۆكه‌یی و رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌دا بووه"

K24 - هه‌ولێر:
له نوێترین لێدوانی‌دا سه‌باره‌ت به كوشتنی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانداری فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدرانی ئێران، ئه‌مڕۆ، شه‌ممه 4/1/2020، مایك، پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند: "به سانایی ده‌یڵێم، ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچوو ئه‌مه‌ریكا چاوپۆشی له تیرۆریستان بكات".
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی عه‌ره‌بی تۆڕیی میدیایی ئێران ئینته‌رناشناڵ، پۆ‌مپێیۆ گوتوویه‌تی: "سوله‌یمانی له‌ناو جه‌رگه‌ی هه‌موو رووداوه‌كاندا بووه، 6 ملیۆن كه‌س له سووریا ئاواره‌بوون، هه‌روه‌ها ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی له عێراق بینیمان، سوله‌یمانی له‌ناو تۆڕێكی جاڵجاڵۆكهییدا بووه، به‌ڵام ئیتر رۆیی".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "چاودێری سوله‌یمانی و سوپای پاسداران و هێزهكانیمان ده‌كرد كه بریكاری ئێران بوون له عێراق، بینیمان به‌شداریی هه‌ندێك چالاكی ده‌كه‌ن ده‌بێته هۆی درووستكردنی گرژی زیاتر و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژیانی ئه‌مه‌ریكییه‌كان".
ده‌رباره‌ی خۆپیشانده‌كانی عێراق و لوبنانیش وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتوویه‌تی: "گه‌لانی عێراق و لوبنان دژی ئه‌مه‌ریكا خۆپیشاندان ناكه‌ن، به‌ڵكو ئازادییان ده‌وێت و ده‌یانه‌وێت رێگه له گه‌نده‌ڵیی حكوومه‌ته‌كانیان بگرن، ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت بژین".
رۆژی هه‌ینی 3/1/2020 به‌هۆی ھێرشی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان، سوله‌یمانی و موهه‌ندیس و 10 به‌رپرس و یاریده‌ده‌ریان پێكه‌وه له ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا كوژران.
ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكاش به گورزێكی به‌هێز دژی ئێران و گرووپه چه‌كداره هاوپه‌یمانه‌كانی له عێراق ناوده‌برێت و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌ش درووست ده‌كات.