كچی قاسم سوله‌یمانی شه‌ش كه‌س بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی خوێنی باوكی ده‌ستنیشان ده‌كات
تۆڵه‌ی خوێنی باوكم ده‌كه‌نه‌وه

K24 – هه‌ولێر:
زه‌ینه‌ب سوله‌یمانی، كچی جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران له په‌یامێكدا شه‌ش كه‌سایه‌تی ناوچه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كرد، كه به رای ئه‌و له توانایاندا هه‌یه تۆڵه‌ی خوێنی باوكی بكه‌نه‌وه.
په‌یامه‌كه‌ی زه‌ینه‌ب له چوارچێوه‌ی ئه‌و مه‌راسیمه جه‌ماوه‌رییه به‌رفراوانه هات، كه له تاران بۆ ماڵئاواییكردن له ته‌رمی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و یاوه‌رانیان به به‌شداری رێبه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران، عه‌لی خامنه‌ئی به‌ڕێوه‌چوو.
زه‌ینه‌ب سوله‌یمانی له په‌یامه‌كه‌یدا گوتی: "خۆسه‌پێن و جیهان بۆیان ده‌ركه‌وت، كه دڵی گه‌لی عێراق، سه‌رزه‌مینی شه‌هید سوله‌یمانییه".
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، زه‌ینه‌ب رووی قسه‌ی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ كرد و گوتی: "پیلانه شهڕانگێزییهكانت بۆ درووستكردنی ناكۆكی له نێوان عێراق و ئێران، سه‌ریان كێشا بۆ به‌تین بوونی په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌ردوو وڵات".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ریه‌ك له حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، به‌شار ئه‌سه‌د، ئیسماعیل هه‌نییه، زیاد نه‌خاله، ئه‌بو حه‌سه‌ن ئه‌لعامری، عه‌بدولمه‌لیك ئهلحوثی، به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی وه‌ك تۆ له‌ناو به‌رن و ئه‌وان درێژه‌پێده‌ری پهیامهكهن".
له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا گوتی: "خێزان و كه‌سوكاری ئه‌و سه‌ربازه ئهمهریكایانهی له خۆرئاوای ئاسیادان، گه‌واهیده‌ری داهێزرانی ئه‌مه‌ریكان له گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگدا له سووریا، عێراق، فه‌له‌ستین و یه‌مه‌ندا، ئه‌وان رۆژان له چاوه‌ڕوانی كوژرانی رۆڵه‌كانیان ده‌ژمێرن".
هه‌روه‌ها سڵاوی تایبه‌تی بۆ "حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا" ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان نارد و گوتی: "ده‌زانم ئه‌و تۆڵه‌ی خوێنی باوكم ده‌كاته‌وه".