عێراق داوایه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات
له باره‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه

K24 – هه‌ولێر:
كۆماری عێراق داوای له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرد، ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا بكات.
رۆژی هه‌ینی (3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2020) له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، هه‌ریه‌ك له فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌یمانی و جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس كرانه ئامانج و كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و رووداوه به‌رده‌وامه و لایه‌نه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌كه‌ن.
باڵیۆزی عێراق له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، محه‌مه‌د حسێن به‌حرلعلوم له نامه‌یه‌كدا بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی داوایكرد، ئه‌نجوومه‌نه‌كه ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مه‌ریكا بكات.
له نامه‌كه‌دا هاتووه: ئه‌و هێرشه ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر گه‌لی عێراق و حكومه‌ته‌كه‌ی و پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای مه‌رجه‌كانی مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكایه له عێراق.