ئێران ھەنگاوێك دەنێت
"نابێت رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ هیچ پرسێکی دیکە تێکەڵ بکرێت"
K24 - واشنتن
پسپۆران و شارەزایانی سیاسەت لە واشنتن بۆچوونی جیاوازیان ھەیە لەبارەی بڕیارە نوێیەکەی ئێران سەبارەت بەوەی کە ھیچ پابەندبوونێکیان بە کۆت و بەندەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی ناھێڵێت، کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک واژۆی کردووە.
لەگەڵ تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران شارەزایانی سیاسەتی دەرەوە لە واشنتن بەسەر دوو بەرەی جیاواز دابەشبوون، لە بۆچوونەکانیان سەبارەت بە ئاکام و لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم ئاڵۆزیە. بەتایبەتی لەھەمبەر نوێترین کاردانەوەی تاران و راگەیاندنی نەمانی ھیچ پابەندیەکی بە رێککەوتنی ئەتۆمی، بەشێک لەم شارەزایانە بڕوایان وایە ئەم بڕیارە ناتوانێت گوشارەکانی سەر تاران کەم بکاتەوە.
پاولۆ تشیراچ، سەرۆکی دامەزراوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێمە ھەمیشە گوتومانە رێککەوتنی ئەتۆمی پەیوەندی بە ھیچ بابەتێکی ترەوە نییە، چ رەفتاری ئێران بێ لە ناوچەکە یا موشەکی بالیستی و پرسەکانی دیكە. لەسەرەتاوە راست بووین کە لەم رێککەوتنە کشاینەوە، چونکە رێكکەوتنێکی خراپ بوو، ھەروەھا لە سەپاندنی سزاکانیشدا، بۆیە پێم وایە ئەمەریکا لە سزاکانیش بەردەوام دەبێ تا ئەوان ئازار دەچێژن".
بۆچوونێکی دیكەش لە ئارادیە کەوا مانەوەی ئەمەریکا لەم رێكکەوتنە نێودەوڵەتییە، بۆ چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی تاران ئاسانتر دەبوو، ھەروەھا لایەنگرانیشی بۆ گوشارەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران زیاد دەبوون.
ئالان ماکۆڤسکی، شارەزا لە ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێ: "ئەم بڕیارەی ئێران فەشەلی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ دەگەیەنێ لە کشانەوەی لە رێكکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەم ئیدارەیە دەیتوانی وەڵامی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی تر بدات و رووبەڕووی چالاکییە موشەکیەکانی ببێتەوە، بەجۆرێک چۆن ئێستا کردەوەیەکی ئەنجامداوە لەھەمان کاتیشدا لە رێککەوتنەکە بمێنێینەوە".
لەکاتێکدا تاران بە بیانووی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لەلایەن ئەمەریکاوە ھیچ بەربەستێک بۆ پەرەپێدان بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی نابینێ، لەھەمان کاتدا دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا لە دوایین ھەڵوێستیدا لە رێگای تویتەرەوە لەسەر سیاسەتی نەگۆڕی واشنتن پێداگری کردەوە کە ھەرگیز ئیزن نادەن ئێران چەکی ئەتۆمی ھەبێ.
ھ.م