لەبارەی كوشتنی سولەیمانی ئەمەریكا نامەیەك ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

واشنتن داوایەك لە UN دەكات

K24 - ھەولێر

ئەمەریكا لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کوشتنی قاسم سولەیمانی بۆ بەرگری كردن لە خۆیان بووە. ئامادەیی دانوستانی بێ مەرجیش لەگەڵ ئێران دەردەبڕێت.

کیلی کرافت، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی لەبارەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بە گوێرەی ماددەی 51ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە.

کیلی کرافت، داواشی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە پارێزگاری لە هێزەکانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

بۆ رێگەگرتن لە پەرەسەندنی گرژییەکانیش، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ گفتوگۆکردنی جددی لەگەڵ ئێران بەبێ هیچ مەرجێک دەربڕیوە.

ھ.م