عومان سوڵتانێکی نوێ هەڵدەبژێرێت

پۆلیس و سوپا کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشیی

K24 – هه‌ولێر:

سوپا و پۆلیسی وڵاتی عومان دوای مردنی سوڵتان قابوس کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشیی بەوەی ئەو سوڵتانە هیچ کەسێکی لە دوای خۆی جێنەهێشتووە کە جێگای بگرێتەوە.

قابوس بن سەعید ئەلسەعید، بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی 79 ساڵی کۆچی دوایی کرد. قابوس رۆڵێکی باشی هەبوو لە کەمکردنەوەی گژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران. لە ساڵی 2011 توانی سێ هاووڵاتی ئەمەریکی لە ئێران ئازاد بکات، کە تاران تۆمەتی سیخوڕی دابووە پاڵیان.

بەهۆی ئەوەی قابوس هیچ منداڵێکی لە دوای خۆی بەجێنەهێشتووە و کەسیشی بۆ شوێنەکەی دەستنیشان نەکردووە، جۆرێک لە ناسەقامگیریی لە وڵات دروست بووە.

میدیا ناوخۆییەکانی عومان بڵاویانکردووەتەوە، بڕیارە هیسام بن تارق سەعید کە دەکاتە ئامۆزای قابوس، ببێتە سەرۆکی عومان.

بەگوێرەی یاساکانی عومان، ئەو کەسەی دەبێتە سوڵتان، دەبێت لە بنەماڵەی شاهانە بێت، موسوڵمان بێت، پێگەشتوو بێت، هەروەها کوڕی دایک و باوکێکی موسوڵمانی عومانی بێت. ئەمەمش وایکردووە 80 کەس لە بنەماڵەی شاهانە، بۆ ئەو پۆستە گونجاو بن.

H.j