ئەمەریكا لەسەر ھێرشە مووشەكییەكەی سەربازگەی بەلەد ھاتە دەنگ

داوای سزادانی سەرپێچیكاران دەكات

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سەركۆنەی ھێرشە مووشەكییەكەی سەر سەربازگەی بەلەد دەكات و داواش لە حكوومەتی عێراق دەكات، سەرپێچیكاران سزا بدات.

مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە زنجیرەیەك تویتدا ئاماژەی بەوە كردووە "بەرامبەر ھێرشە مووشەكییەكەی سەر سەربازگەی بەلەد نیگەرانین و داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین، لێپێچینەوە لەو كەسانە بكات كە بەرپرسن لەو دەستدرێژیكردنە".

پۆمپێیۆ، راشیگەیاند: "ئەم جۆرە پێشێلكارییانە بەرامبەر سەروەری عێراق بەردەوامن لەلایەن كۆمەڵێك گروپ و پێویستە حكوومەتی عێراق كار بكات بۆ كۆتایی پێھێنانیان".

شەوی رابردوو ژمارەیەك مووشەك ئاراستەی بنكه‌ی سه‌ربازی ئاسمانی به‌له‌د كران و بەو ھۆیەوە دوو ئەفسەر و دوو سەربازی عێراقی بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ژماره‌یه‌ك ته‌كنیككاری ئه‌مه‌ریكی لە بنكه‌ی سه‌ربازی ئاسمانی به‌له‌دن، ئه‌ركیان له‌و بنكه‌یه‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ به‌ فڕۆكه‌ "F-16"ـه‌كانی عێراق.

ھ.م