حكوومەتی عێراق: ئەمەریكا بەرامبەر كشانەوە داوای پارەی لێ نەكردووین

"پاشەکشەپێکردنی هێزەکان تەنیا ئەمەریکا ناگرێتەوە"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رەتیدەکاتەوە، ئەمەریکییەکان لەبەرامبەر کشانەوەی هێزەکانیان داوای لە حکومەتی عێراق کردبێت پارە بدات.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند "حکوومەت داوای لە ئیدارەی ئەمەریکا کردووە، هێزەکانی لە عێراق پاشەکشەپێبکات، پاشەکشەپێکردنی هێزەکان تەنیا ئەمەریکا ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی هێزەبیانییەکان ئەندام لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت".

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رەتیکردەوە، لەبەرامبەر کشانەوەی هێزەکانیان ئیدارەی ئەمریکا بەفەرمی داوای پێدانی  پارەی لە حکوومەتی عێراق کردبێت.

ئەمە لە كاتێكدایە بەرپرسێکی باڵای عێراق بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان راگەیاندووە "دۆناڵد ترەمپ هۆشداری داوەتە حکوومەتی عێراق، ئەگەر بێتو سووربن لەسەر بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا، ئەوا ئیدارەی ترەمپ دەستبەسەر هەژمارێکی بانکی ناوەندی عێراقی لە بانکی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمەریکییدا دەگرێت".

پێشتر دۆناڵد ترەمپ ئەوەی خستبووەڕوو، بەو مەرجە ئامادەن ھێزەكانیان لە عێراق بكشێننەوە كە حكوومەتی عێراق ھەموو خەرجییەكانیان پێبداتەوە.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment