عه‌بدولقادر شنگالی گه‌ڕایه‌وه سه‌ر كاره‌كه‌ی
سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌ش هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه كه بۆ له‌كارلادانی له پۆسته‌كه‌ی ده‌ركردابوون

K24- مووسڵ:
دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له 24ی مارسی ساڵی 2019 به‌هۆی رووداوی نغرۆبوونی به‌له‌مه‌كه‌ی شاری مووسڵ، سكاڵا له‌سه‌ر جێگرانی یه‌كه‌م و دووه‌می پارێزگاری نه‌ینه‌وا تۆماركرا، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خرابوونه پاڵ عه‌بدولقادر شنگالی، جێگری یه‌كه‌می پارێزگار بێبنه‌ما ده‌رچوون.
له 21ی مارسی ساڵی رابردوو به‌له‌مێكی گه‌شتیاری له رووباری دیجله له شاری مووسڵ به ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رنشینه‌وه ژێرئاو كه‌وت و ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیاران له‌و رووداوه‌دا خنكان. دوای رووداوه‌كه‌ش حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق لێژنه‌یه‌كیان بۆ لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه پێكهێنا و په‌رله‌مان سكاڵای له دژی جێگرانی پارێزگاری ئه‌و شاره تۆماركرد، یه‌كێك له‌وانه‌ی سكاڵای له دژی تۆماركرابوو، عه‌بدولقادر شنگالی، جێگری یه‌كه‌می پارێزگار بوو له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی ساڵێك، ئه‌مڕۆ دادگا ئه‌ستۆپاكی شنگالیی سه‌لماند و سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌ش هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه، كه به‌مه‌به‌ستی لادانی ناوبراو له پۆسته‌كه‌ی درابوون.
له‌مباره‌شه‌وه عه‌بدولقادر شنگالی تایبه‌ت به كوردستان 24 ده‌ڵێت: دادگای تاوانه‌كانی كارگێڕی عێراق بڕیاری ئه‌ستۆپاكی ئه‌وی داوه.
گوتیشی: دادگا ئه‌و بڕیارانه‌شی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، كه بۆ لادانی ئه‌وان له پۆسته‌كانیان درابوون و كه‌سانی دیكه‌یان له شوێنی ئه‌وان ده‌ستبه‌كار كرابوون و ئه‌و وه‌ك جێگری یه‌كه‌می پارێزگار ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌ركه‌كه‌ی.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، ئه‌و سكاڵایه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وان تۆماركرابوو، سیاسی بوو و هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی نه‌بووه و گوتی: "له مانگی نیسانی ساڵی رابردوو سكاڵام له دژی ئه‌و سكاڵایه تۆماركردبوو، سه‌ره‌تا بڕیار له به‌رژه‌وه‌ندی په‌رله‌مان ده‌ركرا، به‌ڵام دوای تانه‌لێدان و نه‌بوونی هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی پشتڕاستكه‌ره‌وه له‌به‌رده‌ستی دادگا، له كۆتاییدا ئه‌ستۆپاك ده‌رچووم".
H.B