رووسیا هۆشداری ده‌داته ئێران
ئه‌وروپاییه‌كان هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌یانه‌وێت پرسی پرۆگرامی ناووكی ئێران ببه‌نه ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و ئێرانیش هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه له رێككه‌وتنی قه‌ده‌غه‌كردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ناووكی ده‌كات. هاوكات رووسیاش هۆشداری دایه ئێران.
جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی ریابكۆڤ، رایگه‌یاند، مۆسكۆ هۆشداری داوه‌ته تاران و پێی راگه‌یاندووه، هیچ هه‌نگاوێكی به په‌له نه‌نێت له باره‌ی كشانه‌وه‌ی له رێككه‌وتنی قه‌ده‌غه‌كردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ناووكی.
ریابكۆڤ، گوتیشی: پێویسته تاران به وریاییه‌وه مامه‌ڵه بكات و ره‌چاوی پابه‌ندییه‌كانی خۆی بكات له چوارچێوه‌ی كاره‌كانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی.
جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ئاماژه‌ی به هه‌وڵی ئه‌وروپاییه‌كانیش دا، گوتی: ئه‌وان به گواستنه‌وه‌ی دۆسییه‌ی ناووكی ئێران بۆ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵه ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و پرسه راجیایی له‌سه‌ر هه‌یه و كێشه‌ی نوێ درووست ده‌كات.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وانه‌ی به په‌رۆشه‌وه ده‌یانه‌وێت ئه‌و دۆسییه‌یه بخه‌نه‌وه به‌رده‌ست ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به ته‌واوی پێشبینی مه‌ودای لێكه‌وته وێرانكه‌ره‌كانی ئه‌و پرسه‌یان نه‌كردووه.
پێشتر كه‌ناڵی "Press TV"ـی ئێرانی له زاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، بڵاویكرده‌وه، ئه‌گه‌ر پرسی پرۆگرامی ناووكی ئێران ببرێته‌وه ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وا؛ تاران له رێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی ناووكی ده‌كشێته‌وه.