رێژەی جیابوونەوە لە هەولێر ئاستێکی بەرزی هەیە

ئاماری شەش مانگ ئاشکرا دەکرێت

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی ھەولێر، جیابوونەوە ھاوسەران لە ئاستێكی مەترسیدار دایە، بە گوتەی یاساناسان زۆری حاڵەتەكانی جیابوونەوەی ھاوسەران بۆ لێك تێنەگەیشتن و نەگونجانی تەمەن و چەند ھۆكارێكی دیكە دەگەڕێتەوە.

یاساناسان دەڵێن، لایەنە پەیوەندیدارەكان كار بكەن بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی ژیانی ھاوسەرگیری پێكدێنن زیاتر ھۆشیار بكرێنەوە.

پاریزەران و یاساناسان  لە روانگە جیا دەرواننە رێژەی ھاوسەرگیری و جیابونەوە و پێیان وایە رێژەی ھاوسەرگیری زیادی کردوە لە کاتێکدا داب و نەریتی کۆمەڵایەتی وایکردووە کەسەکان لە تەمەنێکی کەمدا ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدەن. ئەوەش لێک ھەڵوەشانەوە و جیابونەوەی خێزانیی لێدەکەوێتەوە. داواش دەکەن، پەرلەمان یاسایەک دەربکات کە پێش چونە ژیانی ھاوسەرگیریی کەسەکان رینمایی دەروونی و کۆمەلایەتی وەربگرن تا بتوانن  ھەستکردنیان بە بەرپرسیاریتی زیاد بکات.

لە ئامارەکانی شەش مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا ھاتووە، رێژەی گرێبەستی ھاوسەرگیری لە تەمەنی 15 بۆ 20 ساڵ، چوار هەزار و 488 گرێبەست بووە، جیابونەوە بەهۆکاری نەگونجان، هەزار و 433 حاڵەت بووە.

هەروەها، کۆی گشتی گرێبەستی ھاوسەرگیریەکان، 15 هەزار و 25 گرێبەست بووە و رێژەی جیابونەوەکانیش بە هۆکاری جیاواز سێ هەزار و 598 حاڵەت بووە.

H.J

Fly Erbil Advertisment