كه‌شتیگه‌لی كۆریای باشوور رووده‌كاته‌ گه‌رووی هورمز

فشاری ئه‌مه‌ریكایه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی به‌رگری كۆریای باشوور رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی كه‌شتییه‌كی سه‌ربازی و 300 سه‌رباز ره‌وانه‌ی گه‌رووی "هورمز" ده‌كات.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، ئه‌ركی ئه‌و هێزه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ركه‌كانی كه‌شتیگه‌لی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا نییه‌ و له‌ رووی زانیارییه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بێت.

كۆریای باشوور، كۆماری ئیسلامی ئێرانی به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك كه‌شتی بازرگانی له‌ نزیك گه‌رووی هورمز تۆمه‌تبار كرد.

تا ساڵی رابردوو، ئێران یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌وتی كۆریای باشوور بوو، به‌ڵام دوای سزا و فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا، "سیئۆڵ" ناچار بوو ده‌ستبه‌رداری نه‌وتی ئێران ببێت.

هاتنی كه‌شتیگه‌لی سه‌ربازی كۆریای باشوور بۆ گه‌رووی هورمز دوای ئه‌و فشارانه‌ی ئه‌مه‌ریكا دێت، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ی درووست كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كرده‌وه‌ رووبكاته‌ ناوچه‌ی سه‌رچاوه‌ی نه‌وت و پارێزگاری له‌ كه‌شتییه‌كانی نه‌وت بكات.

هه‌فته‌ی رابردوو، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ سیئۆڵ، "هاری هاریس" رایگه‌یاند، كۆریای باشوور له‌ هه‌موو وڵاتان زیاتر پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌شدار بێت له‌ هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پاراستنی كه‌شتییه‌ بازرگانییه‌كان، چونكه‌ كۆریای باشوور له‌ (%70)ی پێداویستی نه‌وتی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێده‌گات.

له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شیدا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، "عه‌باس موسه‌وی" رایگه‌یاند، كۆریای باشوور بڕیاریداوه‌ كه‌شتی جه‌نگی ره‌وانه‌ی كه‌نداوی عه‌ده‌ن بكات، ئه‌و هه‌نگاوه‌ قبوڵكراو و بنیاتنه‌رانه‌ نییه‌.

گوتیشی: "ئێران رێككاری پێویست له‌ دژی سیئۆڵ ده‌گرێته‌ به‌ر، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت".