ترەمپ پلانە نوێیەکەی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرا دەکات

ترەمپ دەتوانێت کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین چارەسەر بکات؟

K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، پلانە نوێیەکەی لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل ئاشکرا دەکات.

بڕیارە سبەی سێشەممە، 28/01/2020، بێنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەردانی کۆشکی سپی بکات و لەوێ سەرۆکی ئەمەریکا پلانە نوێیەکەی لەبارەی "ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بۆ روونبکاتەوە.

بەشێک لەم پلانەی ترەمپ، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینە، ترەمپ دەیەوێت لە ماوەیەکی کەم پلانەکانی جێبەجێ بکات و کۆی رەشنووسی پلانەکەشی لە 50 پەڕە پێکدێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، بەهۆی ئەوەی هێشتا دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یەکلا نەبووەتەوە، رەنگە ئەم پلانەی ترەمپ بۆ ماوەیەک دوا بکەوێت.

بڕیارە 2ی مانگی ئادار، هەڵبژاردن لە ئیسرائیل ئەنجام بدرێت کە نەتانیاهو و بێنی گانتز پێشبڕکێ بۆ سەرکەوتن دەکەن.