پاسێکی گواستنەوەی گەشتیاران لە دەروازەی سنوری تەمەرچیان ـ حاجی ئۆمەران گڕی گرت

"بە شۆفڵ بەفریان کردووە بەسەر پاسەکەدا"

K24 – چۆمان:

پاسێکی ئێرانی تایبەت بەگواستنەوەی گەشتیاران لە دەروازەی سنوری تەمەرچیان حاجی- ئۆمەران لە دیوی ئێران ئاگری گرت.

بازرگانێکی هەرێمی کوردستان لەشوێنی رووداوەکە ڤیدیۆی ئاگرکەوتنەوەکەی گرتووەو بەکوردستان24ی راگەیاند کاتژمێر (1:30 )ی دووای نیوەڕۆ بەهۆکارێکی نادیار ئاگر لەپاسێکی ئێرانی کەوتەوە بەڵام زیانی گیانی نەبوو.

 گووتیشی، لەبەر نەبوونی ئۆتۆمۆبێلی ئاگر کوژێنەوە بە شوفڵ بەفریان بەسەر ئاگرەکەدا کرد بەڵام سوودی نەبوو، هاوکات بەرپرسانی ئێرانی لەدەروازەکە داوایان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگای سنوری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران کردووە بۆ ئەوەی تیمی ئاگرکوژێنەوەیان بۆ بنێرن و ئەوانیش ئامادەیان نیشانداوە، بەڵام تیمی ئاگرکوژێنەوەی پیرانشار گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و تائێستا سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.

 رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام وێڕای سووتانی پاسەکە بەهۆی تەشەنەکردنی زیانی ماڵی لێکەوتۆتەوە.

H.J