ترەمپ کوشتنی سەرکردەیەکی قاعیدەی راگەیاند

هەوڵی داوە هێرشبکاتە سەر خەڵکی سڤیل و هێزەکانی ئەمەریکا

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کوژرانی سەرکردەی رێکخراوی قاعیدە لە جەزیرەی عەرەبی راگەیاند.

دۆناڵد ترەمپ لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە؛ رێکخراوی قاعیدە لەژێر سەرپەرشتی قاسم ئەلریمی چەندین کاری توندوتیژی دژی خەڵکی سڤیلی یەمەن ئەنجامداوە و جیا لەمەش هەوڵیداوە هێرش لە دژی ئەمەریکا و هێزەکانمان ئەنجامبدات.

چەند میدیایەکی یەمەنی بڵاویانکردووەتەوە؛ لە چەند رۆژی رابردوودا قاسم ئەلریمی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە نزیک شاری مەئریب کوژراوە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوی قاعیدە کوژرانی ئەلریمی پشتڕاست نەکردووەتەوە و دۆناڵد ترەمیش وردەکاری زیاتری لەبارەی رووداوەکە ئاشکرا نەکرد.

لە ساڵی 2015ـەوە، قاسم ئەلریمی سەرۆکایەتی قاعیدە لە یەمەن دەکات و چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان.