چینییه‌كان په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ گیانله‌به‌رێك درێژ ده‌كه‌ن
دواى شه‌مشه‌مه كوێره

K24 – هه‌ولێر:
زانایانی چین، ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایانگه‌یاند، "مێرووخۆره"، كه خۆی خه‌ریكه له‌ناو ده‌چێت، ره‌نگه ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی بێت له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
توێژه‌رانی چین و زانایانی بواری نه‌خۆشییه گواستراوه‌كان به‌رده‌وام له لێكۆڵینه‌وه‌دان بۆ ئاشكراكردنی ورده‌كاری ئه‌و په‌تایه‌ی له شاری "وهان"ی چین سه‌ری هه‌ڵداوه و تا ئێستا (630) كه‌س به هۆیه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
توێژینه‌وه به‌راییه‌كان سه‌لماندوویانه ڤایرۆسه‌كه له ئاژه‌ڵه‌وه بۆ مرۆڤ گواستراوه‌ته‌وه و بنكه‌ی سه‌ره‌كی بڵاوبوونه‌وه‌شی بازاڕێكی میللی گۆشت فرۆشی و گیانله‌به‌ر و په‌له‌وه‌ره‌كان بووه له شاره‌كه.
توێژه‌ره چینییه‌كان ده‌ڵێن: ئه‌و گیانله‌به‌ره شیرده‌ره، ره‌نگه بووبێته ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی بۆ گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه. وه‌ك ئه‌وه‌ی له زانكۆی "ساوث چاینا یونیڤێرستی" پێی گه‌یشتوون.
زانایان باوه‌ڕیان وایه لانكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسه‌كه، شه‌مشه‌مه‌كوێره بێت، دواتر باس له‌وه ده‌كرێت، چۆن له شه‌مشه‌مه‌كوێره‌وه گواستراوه‌ته‌وه بۆ مرۆڤ.
زیاتر له هه‌زار نموونه له زینده‌وه‌رانی وشكانی وه‌رگیراون. شریتی "جینووم/ DNA"ی ڤایرۆسه‌كانی ئه‌و ئاژه‌ڵانه وه‌رگیراوه، كه مێرووخۆرن، به رێژه‌ی له سه‌دا 99 چوونیه‌ك بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تووشبووه.
گیانله‌به‌ره شیرده‌ره مێرووخۆره‌كه، یه‌كێكه له دیارترین ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له چین بازرگانی پێوه ده‌كرێت و زیاتر له یه‌ك ملیۆن له‌و جۆره گیانله‌به‌ره له دارستانه‌كانی ئاسیا و ئه‌فریقاوه له ماوه‌ی (10) ساڵی رابردوو، براونه‌ته چین بۆ فرۆشتن.
له چین و ڤێتنام مێرووخۆره له پزیشكی میلیدا به‌كار ده‌هێنرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ سه‌لماندێك بۆ سوودی پزیشكی نییه، گۆشته‌كه‌شی له بازاری ره‌شدا ده‌فرۆشرێت.

