پرۆژەیاسای بودجەی هەرێم چاوەڕێی سەقامگیریی عێراق دەکات

ناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان لەبەردەم سێ ئەگەردایە

K24 – هه‌ولێر:

یاریدەدەرێكی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، تا یاسای بودجەی عێراق پەسەند نەکرێت ناتوانن پرۆژە یاسای بودجه‌ كوردستان بنێرنە پەرلەمان.

رێباز  حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان ٢٤ـی راگەیاند، تا یاسای بودجەی عێراق پەسەند نەکرێت ناتوانن پرۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرنە پەرلەمانی کوردستان.

دڵنیاییشی دا لەوەی حکوومەت دەیەوێت بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات. هاوکات بەشێک لە پەرلەمانتاران پێیانوایە کە پەسەند نەکردنی بودجەی ئیتیحادی و ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە کاریگەری خراپی لەسەر بەڕێوەچوونی سێکتەری خزمەتگوزاریی حکوومی دەبێت چونکە نازانرێت چەندە بودجەی پێویست لە ئێستادا هەیە.

ئێستا ناردنی بودجە لەبەردەم سێ ئەگەردایە، یەکەمیان چاوەڕوانکردنی پەسەندکردنی بودجەی ئیتیحادییە و دووهەمیشیان دانانی بودجەیەکی خەمڵێندراوە، بەڵام ئەو ئەگەرەی لە هەمووان بەهێزترە بریتییە لەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی بەردەوامی قەیرانی سیاسییەوە بێ بودجەبن چونکە لە ئەگەری روون نەکردنەوەی داهات و خەرجییەکان لە ناو پەرلەمانی عێراقدا هەر پێشبینییەک و خەمڵاندنێک بکرێت هەڵەیە.

H.J