داعش لە خانەقین ھێرشی كردە سەر گوندێكی كاكەییەكان

بۆمبێك بە ھێزەكانی عێراقدا تەقییەوە

K24 - گەرمیان

چەكدارانی داعش ھێرشیان كردە سەر گوندێكی كاكەیی نشینی خانەقین و  باوك و كوڕێك شەھید بوون.

ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو، چەكدارانی داعش ھێرشیان كردە سەر گوندی بەھاری تازە لە سنووری قەزای خانەقین، لە ئەنجامدا باوك و كوڕێكی كاكەیی شەھید بوونە، ھەروەھا 10 ھاووڵاتی و ئەندامی ھێزە ئەمنییەكانی عێراق بریندار بوونە".

 ئاماژەی بەوەش كرد، بۆمبێك بە ھێزەكانی عێراقدا تەقیوەتەوە.

دوای كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان، بۆشایی ئەمنیی دروست بووە و داعش ناوچەكەی كردووەتە مۆڵگە بۆ خۆ رێكخستنەوە، لەو كاتەوە چەندین ھێرشیان ئەنجام داوە و دەستیان كردووە بە رفاندنی خەڵكی سڤیلی ناوچەكە.

ھ.م