سەرچاوەی داھاتی داعش لە گەرمیان ئاشكرا دەكرێت
داعش تاكتیكی چالاكییهكانی دهگۆڕێت
K24 - گەرمیان
لە ماوەی کەمتر لە 10 رۆژدا چەکدارانی داعش زیاتر لە 200 ھەزار دۆلاریان لە پێنچ ھاووڵاتی رفێندراو بەرامبەر ئازاد کردنیان وەر گرتووە و چارەنووسی پێنچ ھاووڵاتی دیکەی رفێندراوی لای داعشیش دیارنییە، قایمقامی کفریش داوا لە ھاووڵاتیان دەکات رێگای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت بەکار نەھێنن.
سەڵاح گەرمیانی، ھاوڵاتییەكی دانیشتووی دەڤەری گەرمیانە و بە كوردستان24ی گوت: "چەكدارانی داعش ناوچەیەكی زۆریان لەدەستداوە و سەرچاوەی داھاتی نەوتیان نەماوە، بۆیە ئێستا دەیانەوێت لە رێگەی رفاندنی خەڵك و ئازادكردنیان بە پارە داھات كۆبكەنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "بە ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان لە ناوچەكەدا دەتوانرێت، دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە".
ھاووڵاتییەكی دیكەی ناوچەكە بەناوی عزیز سەمین داوا دەكات بۆ پاراستنی سەروماڵیان ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكە.
زۆرترین کاری رفاندنی ھاووڵاتییان لەلایەن داعشەوە، بە شەوان ئەنجام دەدرێت بەتایبەت لەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانەوە. قایمقامی کفریش داوا لەھاووڵاتییان دەکات بە شەوان رێگاکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان بەکار نەھێنن.
جەلال نوری، قایمقامی کفری بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێشتر ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بوون، لە رووی ئەمنییەوە پارێزراوبوو، بەڵام ئێستا ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەكە نەماوە، چەكدارانی داعش خەڵك دەكوژێت و دەڕفێنن".
ھ.م