ھەدەپە كۆنگرەی چوارەمی خۆی دەبەستێ

ھاوسەرۆكانی ھەدەپە ھەڵدەبژێردرێن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەركردە و ئەندامانی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە ئەنقەرە كۆنگرەی چوارەمی خۆی دەبەستێت.

لیژنەی باڵای كۆنگرەی ھەدەپە ئاشكرای كرد، ھەر یەك لە پەروین بوڵدان و مەتحەت سانجار كاندین بۆ ھاوسەرۆكی گشتی ھەدەپە.

لە وتارێكدا كە بەبۆنەی دەستپێكردنی كۆنگرەی چوارەمی پارتەكەی پێشكەشی كرد پەروین بوڵدان، رەخنەی لە ئاكەپە و حكومەتی توركیا گرت و گوتی: "رێز لەو كەسانە دەگرم كە لە زیندانەكانی توركیا گیان لەدەست دەدەن، دەبوایە لەسەر ئەم خاكە بە ئاشتی بژین، بەڵام بەداخەوە بە ھەموو حكومەتی توركیا لە ھەموو لایەكەوە ھێرش دەكاتە سەر خاك و خەڵكی ئێمە. ئەوان گوتیان كورد ناتوانن حكومی خۆیان بكەن، بەڵام كورد تا دێ بەرەو پێشەوە دەچن".

گوتیشی: "ئەگەر گەلانی توركیا یەكبن، ھیچ كات ئاكەپە و مەھەپە ناگەن بە ئامانجی خۆیان، دەبێ ئەوان باشبن ئێمە لە شوێنی دیكە نەھاتووینەتە سەر ئەو خاكە، بەڵكو ئێرە خاكی خۆمانە و لێرە ھاتووینەتە دونیا و لێرەش دەمێنینەوە".

پەروین بوڵدان، راشیگەیاند: "تاكە رێگەی كورد ئەوەیە لەبەرامبەر ھەموو زوڵم و ستەم دا یەكگرتووبن و خۆیان بپارێزن، وەك  جگەرخوێن گوتیەیەتی :ببن یەك ئەگەر نەبن یەك بڕۆن یەك بەیەك".

بەگوتەی بەرپرسانی ھەدەپە كۆنگرەی چوارەمی حزبەكە بە بەشداری 30 ھەزار كادیر و ئەندامانی بەڕێوەدەچێت. ھاوكات 5 ھەزار ئەندامیان لە زیندانەكانی توركیادایە. لەناویاندا ھەردوو ھاوسەرۆكی پێشووتر سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداخ ھەن كە لە‌ 4/11/2016، لەگەڵ 11 پەرلەمانتاری ئەوكاتی حزبەكەیان خرانە زیندانەوە.

ھەدەپە لە 11/2/2018 كۆنگرەی سێیەمی بەبێ سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەنجامدا، كە لە كۆنگرەكەدا ھەر یەك لە پەروین بوڵدان و سیزایی تەمەلی، لە شوێنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەكداخ وەك ھاوسەرۆكی ھەدەپە ھەڵبژێردران.

ھەدەپە لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا سێ كۆنگرەی یاسایی حزبەكە بەڕێوەچووە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە، پابەندە بە دژایەتیکردنی سیستمی سەرمایەداری و تێدەكۆشێ بۆ کۆتایھێنانە بە ھەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ھەدەپە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەكداخ لە كۆنگرەی دووەم بە ھاوسەرۆكانی ھەدەپە ھەڵبژێردران- پەروین بوڵدان و سزایی تەمەلی، لە سێیەم كۆنگرە بوون بە ھاوسەرۆكی ھەدەپە
سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەكداخ لە كۆنگرەی دووەم بە ھاوسەرۆكانی ھەدەپە ھەڵبژێردران- پەروین بوڵدان و سزایی تەمەلی، لە سێیەم كۆنگرە بوون بە ھاوسەرۆكی ھەدەپە
پەروین بوڵدان و مەتحەت سانجار كاندیدی ھاوسەرۆكایەتی ھەدەپەن بۆ كۆنگرەی چوارەم
پەروین بوڵدان و مەتحەت سانجار كاندیدی ھاوسەرۆكایەتی ھەدەپەن بۆ كۆنگرەی چوارەم