ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزەی باكوور و رۆژھەڵاتی كوردستان بەرزدەبێتەوە

بوومەلەرزە باكوور و رۆژھەڵاتی كوردستانی ھەژاند

K24 - ھەولێر

لە باكووری كوردستان بەھۆی بوومەلەرزە 9 كەس گیانیان لەدەستدا و لە رۆژھەڵاتی كوردستانیش 67 كەس بریندار بوون.

میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، بەھۆی بوومەلەرزەكەی دوێنێی ناوچە سنوورییەكانی نێوان وان و ورمێ، ژمارەی قوربانییان بەرزبووەتەوە و كەسێكی دیكە گیانی لەدەستداوە، كە بەمەش رێژەی مردووان بۆ نۆ كەس بەرزبووەتەوە، كە سێیان منداڵن. ھەروەھا 36 كەسی دیكەش بریندارن و لە نەخۆشخانەكان لەژێر چارەسەری پزیشكیدان.

ھاوكات درەنگانی شەوی رابردوو بوومەلەرزەی دووەم لە سنووری شاری ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستانیدا بە گوڕی شەش پلەی رێختەر و بەپێی زانیارییەكان، بەو ھۆیەوە 67 ھاووڵاتی لە ناوچە سنوورییەكان بریندار بوونە و زیانێكی زۆری ماددیش بەر خانوو و باڵەخانەی ھاووڵاتییان لە دیوی رۆژھەڵات و باكووری كوردستان كەوتووە.