ژمارەی توشبووان بە كۆرۆنا بەرز دەبێتەوە

زیاتر لە 30 ھەزار كەس چارەسەر كراوە

K24 - ھەولێر

ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی عەرەبی و چین بەرز بووەوە.

لە کوێت دوو حاڵەتی دیکەی توشبوو بە كۆرۆنا تۆمارکران و کۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتە 19 کەس. كوێت سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان و هاتن و چوونی کەشتی دەریایی بۆ عێراق، کۆریای باشوور، چین، سنگاپورە، تایلەند و ژاپۆن راگیران.

هاوکات وەزارەتی تەندروستی سودان، هەشت کەسی بیانی بە گومانی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هۆتێلێک دەستبەسەرکرد.

لە لایەكی دیكەوە 52 كەسی دیكە لە چین بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و ئەوەش كەمترین ژمارەی مردنە لەماوەی سێ ھەفتەی رابردوودا لەو وڵاتە.

لیژنەی تەندروستی نیشتمانی چین بڵاوی كردووەتەوە، 52 كەسی دیكە بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداو بەمەش ژمارەی مردوان لەو وڵاتە گەیشتە 2 ھەزار و 715 كەس. ھەروەھا 406 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە بوون و بەمەش رێژەی تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتە 78 ھەزار و 64 كەس.

ھاوكات 30 ھەزار و 104 كەس لە كۆی توشبووانی كۆرۆنا لە تەواوی جیھان  چارەسەركراون و گەڕاونەتەوە ژیانی ئاسایی.

ھ.م