چین لە كۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆنا نزیكدەبێتەوە

رێژەی گیان لەدەستدا كەمدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

چین لە كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا نزیكدەبێتەوە، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 29 كەس گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش كەمترین رێژەی چەند ھەفتەی رابردووە.

لیژنەی نیشتمانی تەندروستی چین بڵاوی كردووەتەوە، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 29 كەس بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەوەش رێژەی مردووان گەیشتە دوو ھەزار و 744 كەس. ھەروەھا 433 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە بوونە و بەمەش رێژەی تووشبووان لە چین گەیشتە 78 ھەزار و 500 كەس.

ئەو ئامارە لە كاتێكدایە چین لە كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسەكە نزیكدەبێتەوە و تا دێت رێژەی توشبووان دادەبەزێت و ئەو ژمارەیەش كەمترینی چەند ھەفتەی رابردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەند وڵاتێكی دیكە تۆمار كرا. وەزیری تەندروستی رۆمانیا بڵاوی كردووەتەوە، یەكەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنایان لەو وڵاتە تۆمار كردووە، كە ھاووڵاتییەكی ئیتاڵییە و سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە.

لەلایەكی دیكەوە وەزیری تەندروستی نەرویج ئاشكرای كرد، یەكەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنایان تۆماركردووە، كە كەسێكە لە چەند رۆژی رابردوودا لە چین گەڕاوەتەوە، بەڵام حاڵەتەكەی مەترسیدار نییە.

دوێنێش یەكەم ھاووڵاتی فەرەنسی تووشبوو بە كۆرۆنا لە پاریس گیانی لەدەستدا.