ئەمەریكا: دەسەڵاتی ئێران شەرعیەتی لەدەستداوە
"رێبەری ئێران لەگەڵ خەڵكەكەی ناڕاستە"
K24 - ھەولێر
ئەمەریكا رایدەگەیەنێت، رژێمی ئێران دوای ھەڵبژاردنی چەند رۆژی رابردوو شەرعیەتی خۆی لەدەستداوە و رێبەری ئێرانیش بەوە تۆمەتبار دەكات، كە فێڵ لە گەلی ئێران دەكات و ناڕاستە لەگەڵیان.
مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند "ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، كەمترین رێژەی بەشداریكردنی تۆماركردووە لە ساڵی 1979ـەوە و ئەوەش شەرعییەتی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی نەھێشت".
ئاماژە بەوەش دەكات "رێبەری ئێران بە رێگەیەكی سەركێشیانە قوربانی بە گەنجانی ئێران دەدات و لە رێگەی فراوانكردنی شۆڕشەكەیان لە عێراق و سووریا و لوبنان".
پۆمپێیۆ دەشڵێت "رێبەری ئێران لەبری ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی كوژرانی سەرنشینانی فڕۆكە ئۆكراینییەكە و مەترسیی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەسەر ئەوە بەردەوامە كە قسەی ناڕاست لەگەڵ خەڵكەكەی دەكات و دەیانخەڵەتێنێت".