ئه‌ڵمانیا هۆشداری دایه ئه‌و وڵاتانه‌ی چه‌ك ره‌وانه‌ی لیبیا ده‌كه‌ن
توركیا تۆمه‌تبار ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، هایكۆ ماس، رایگه‌یاند، ژماره‌یه‌ك وڵات سه‌رپێچی قه‌ده‌غه‌ی هه‌نارده‌ی چه‌ك بۆ لیبیا ده‌كه‌ن و به‌رده‌وامن له ناردنی چه‌ك بۆ ئه‌و وڵاته.
پێش ده‌ستپێكردنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، هایكۆ ماس گوتی: له‌و بڕوایه‌دام، هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و وڵاتانه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هه‌نارده‌ی چه‌ك بۆ لیبیا ده‌شكێنن، بێ وه‌ڵام نابێت.
گوتیشی: ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك سزا چاوه‌ڕێی ئه‌و وڵاتانه ده‌كات، كه چه‌ك هه‌نارده‌ی لیبیا ده‌كه‌ن.
روونیشیكرده‌وه، وڵاتانی ئه‌وروپایی سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن بۆ تاوتوێكردنی رێكاری پێویست بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پێشێلكاریانه.
له مانگی رابردوودا، له شاری به‌رلین، كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ت به لیبیا به‌ڕێوه‌چوو. تێیدا 16 وڵات و رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی پرسی لیبیایان تاوتوێكرد و بڕیاریاندا رێگه نه‌درێت هیچ وڵاتێك چه‌ك بۆ لیبیا هه‌نارده بكات.
توركیا به یه‌كێك له‌و وڵاتانه هه‌ژمار ده‌كرێت، كه له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به هه‌ناردنی چه‌ك بۆ لیبیا تۆمه‌تبار كراوه.
سه‌رچاوه: DW
ئ.ر