ئەمەریكا لەسەر توركیا ھاتەدەنگ

داوای وەستاندنی ھێرشەكانی رووسیا و سووریا دەكات

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی سوپای سووریا كاروانێكی ھێزەكانی توركیایان لە ئیدلب كردە ئامانج و 34 سەربازی تورکیا كوژران، ئەمەریكا داوای وەستاندنی ھێرشەكان دەكات و رایدەگەیەنێت، كە پاڵپشتی توركیا دەكەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە راگەیاندراوێکدا داوای وەستاندنی هێرشەکانی سووریا و رووسیای بۆ سەر ئیدلب کردووە و دووپاتیشی کردووەتەوە کە ئەمەریكا پاڵپشتی لە تورکیای هاوپەیمانی دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندی دان لەبارەی دوایین بارودۆخی ئیدلب و هێرشەکانی سوپای سووریا و رووسیا بۆ سەر شارەکە.

پێشتر روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندبوو، کە ئێوارە دوێنێ فڕۆکەکانی سووریا کاروانێکی هێزەکانی سوپای تورکیایان لە دەوروبەری ئیدلب کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 34 سەرباز کوژراون و زیاتر لە 30 سەربازی دیکەش برینداربوون.

دوای هێرشەکەش ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و سوپای تورکیا بۆردومانکردنی چەند پێگەیەکی سوپای سووریای لە ئیدلب راگەیاند.