هۆكاری دواكه‌وتنی مووچه ئاشكرا ده‌كرێت
مووچه‌ی هه‌رێم له به‌غدا "ئیتڵاق" بووه
.jpg)
K24 – هه‌ولێر:
ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له باره‌ی هۆكاری دواكه‌وتنی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان له به‌غداوه و نه‌گه‌یشتنی بۆ هه‌ولێر رایگه‌یاند، كێشه‌ی دواكه‌وتنی مووچه چاره‌سه‌ر بووه و هۆكاری ته‌كنیكی بووه‌ته هۆی دواخستنی.
له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان24، ڤیان سه‌بری گوتی: "ئه‌مشه‌و به‌دواداچوونم بۆ پرسی دواكه‌وتنی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه و وه‌ك ئه‌وه‌ی پێم گه‌یشتووه، ئه‌و مووچه‌یه چاره‌سه‌ر بووه و هۆكاری دواكه‌وتنی ته‌كنیكی بووه، هه‌ندێك به‌ڕێوبه‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی دارایی و له‌وانه‌یه ئه‌وان دوایان خستبێت و هۆكاره‌كه‌ی ته‌كنیكی بووه".
وتیشی: "له‌مه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌زیری دارایی زۆر گرنگه و پێویسته بۆ كورد بێت و كورد خۆی ده‌ستنیشانی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ی رۆژ هه‌ر ناكۆكییه‌ك هه‌بوو، مووچه‌ی هه‌رێم نه‌بڕن. بۆیه ده‌بێت له ناو كارنامه‌ی حكومه‌تدا به‌ڵێنێك هه‌بێت له‌و باره‌یه‌وه".
له باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تیشه‌وه گوتی: به گوێره‌ی مادده‌ی 81ی ده‌ستوور، ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆشاییه‌ك درووست بێت، سه‌رۆك كۆمار بۆ ماوه‌ی مانگێك وه‌ك مادده‌ی 76 باسیكردووه، كه‌سێك راده‌سپێرێت. ئه‌مه بۆچوونێكی یاساییه. به‌ڵام محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی كاندیدی كوتله‌ی گه‌وره نییه و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره و پێویسته كه‌سێكی دیكه له لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه دیار بكرێت، ئه‌گه‌ر هاتوو عه‌للاوی شكستیهێنا یان ده‌نگی پێ نه‌درا.
ڤیان سه‌بری روونیكرده‌وه، عه‌للاوی كه‌سێكی بێلایه‌ن نییه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌سایه‌تی كابینه‌كه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پێندراوه و فشاری له‌سه‌ر بووه و وا دیاره به شێوه‌یه‌كی گشتیی جێی متمانه‌ی په‌رله‌مانتارانیش نییه.