ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە چین كەمدەبێتەوە
لە چەند وڵاتێكی دیكە تەشەنە دەكات
K24 - ھەولێر
چین لە سەرەتای سەرھەڵدانیەوە كەمترین حاڵەتی توشبوون بە كۆرۆنای راگەیاند.
لیژنەی نیشتمانی تەندروتسی چین رایگەیاند، 31 كەسی دیكە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا بەھۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بەوەش ژمارەی ئەو كەسانەی بە ڤایرۆسەكە مردوون گەیشتە 2 ھەزار و 943 كەس.
ھەر بەگوێرەی ئەو ئامارە، لەو ماوەیەدا 125 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە بوون، كە بە كەمترین حاڵەتی تووشبوون لەو وڵاتە دادەندرێت لە سەرەتای سەرھەڵدابی ڤایرۆسەكەوە.
ھەروەھا 18 كەسی دیكە لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا و رێژەی توشبووانیش لەو وڵاتە گەیشتە ھەزار و 835 كەس. ھاوكات ئەمەریكا رایگەیاند، كۆرۆنا لە 10 ویلایەت بڵاوبووەتەوە و تا ئێستا 90 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەكە تۆماركراون و شەش كەس لە ویلایەتی واشنتن گیانیان لەدەستداوە. مەغریبیش یەكەم حاڵەتی توشبوون بە كۆرۆنای راگەیاند.