كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ ئۆرگانه‌كانی: هیچ لێدوانێك دژی فه‌توای زانایان و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف نه‌ده‌ن
پابه‌ندبوونی خۆی به بڕیاره‌كانی حكومه‌ت راگه‌یاند

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له فه‌رمانێكدا، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، داوای له هه‌موو ئۆرگانه‌كانی حزبه‌كه‌ی كردووه، هیچ لێدوانێك دژی فه‌توای لیژنه‌ی فه‌توای هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف نه‌ده‌ن و بڕیاری راگرتنی نوێژی هه‌ینی و چوون بۆ مزگه‌وت نه‌خه‌نه قاڵبی دژایه‌تی ئاینه‌وه.
ده‌قی فه‌رمانه‌كه:
له‌سه‌ر فه‌رمانی جه‌نابی ئه‌میر و بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان به گشتیی و ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ به تایبه‌ت تا ئه‌م نه‌خۆشی و ڤایرۆسه تێده‌په‌ڕێت، بڕیارمان دا به:
1- راگرتنی كۆنفرانسی ناوچه‌یی مه‌ڵبه‌نده‌كان.
2- ئه‌نجام نه‌دانی هیچ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گشتیی و وه‌ستاندنی وانه گشتییه‌كان.
3- تا ده‌كرێت كار‌و باری رۆژانه‌ی ئۆرگانه‌كانتان له رێی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندییه‌وه بێ و كه‌مترین دیدار و كۆبوونه‌وه‌تان هه‌بێت.
4- سه‌ردانی بنكه و باره‌گاكان كه‌مبكه‌نه‌وه.
5- پابه‌ندی رێنمایی ته‌ندروستی وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كان بن.
6- پابه‌ندی فه‌توا و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و لیژنه‌ی فه‌توای هه‌رێم بن.
7- سه‌باره‌ت به به‌شداری نوێژی هه‌ینی و چوون بۆ مزگه‌وت، هه‌ر فه‌توایه‌ك له لایه‌ن لیژنه‌ی فه‌توای هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌درێت، هیچ لێدوانێكی دژی نه‌درێت و نه‌خرێته قاڵبی دژایه‌تی دینه‌وه.