ئاماری نوێی گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا راگەیەندرا
چەندین حاڵەتی دیكە تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كرا
K24 - ھەولێر
27 كەسی دیكە لە چین بە ھۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و 44 كەسی دیكەش تووشی ڤایرۆسەكە بوون. لە ئەرژەنتینیش پزیشكێك گیانی لەدەستدا كە چاودێری تووشبووان بە كۆرۆنای دەكرد.
لیژنەی نیشتمانی تەندروستی چین بڵاوی كردووەتەوە، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 27 كەسی دیكە لەو وڵاتە بە كۆرۆنا مردوون و 44 كەسی دیكەش تووشی ڤایرۆسەكە بوون، بەوەش رێژەی مردووان لەو وڵاتە گەیشتە سێ ھەزار و 97 كەس.
ھەروەھا كۆریای باشوور رایگەیاند، 93 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا لەو وڵاتە تۆماركراون و رێژەی توشبووان لەو وڵاتە گەیشتە حەوت ھەزار و 134 كەس.
ھەروەھا دوو حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە بولگاریا تۆماركران كە گەنجێكی تەمەن 27 ساڵ و ئافرەتێكی تەمەن 75 ساڵەن.
ھەروەھا ئەرژەنتین گیان لەدەستدانی پزیشكێكی راگەیاند كە سەرپەرشتی تووشبووانی كۆرۆنای كردووە.
ھەروەھا یۆنان تۆماركردنی 21 حاڵەتی نوێی ڤایرۆسەكەی راگەیاند. لە بەریتانیاش رێژەی تووشبووان گەیشتە 209 كەس.