میسر یه‌كه‌م حاڵه‌تی مردن به‌هۆی كۆرۆنای راگه‌یاند
ته‌مه‌نی 60 ساڵه
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی میسر یه‌كه‌م حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای له وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند.
خالد مجاهد، راوێژكاری وه‌زیری ته‌ندروستی بۆ كاروباری راگه‌یاندن و وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌ت وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م حاڵه‌تی مردن به‌هۆی ئه‌و په‌تایه، هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و كه‌سه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه له‌و وڵاته گیانی له‌ده‌ستداوه، ته‌مه‌نی 60 ساڵه و هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی وڵاتی ئه‌ڵمانیایه و پێشتر نیشانه‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنای لێ بهدهركهوتبوون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوای تێكچوونی باری ته‌ندروستی ئه‌و هاووڵاتییه، رۆژی هه‌ینی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی كردووه و سامپڵی خوێنیان بۆ پشكنین لێ وه‌رگرتووه، دوێنێش ئه‌نجامی پشكنینه‌كان به پۆزه‌تیڤ ده‌رچوون و تووشبوونه‌كه‌ی پشتڕاست كرایه‌وه.
وه‌ك راشیگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییه ره‌تی كرده‌وه له شوێنی تایبه‌ت كه‌ره‌نتینه بكرێت، له نه‌خۆشخانه‌ی غه‌رده‌قه خرایه ژێر چاودێری چڕی پزیشكی، به‌ڵام به‌هۆی تێكچوونی دۆخی ته‌ندروستی و له ئه‌نجامی هه‌وكردنی سییه‌كانی و هه‌ناسه‌ته‌نگی گیانی له‌ده‌ستدا.
H.B