ئەفغانستان.. سبەی دوو سەرۆك سوێندی یاسایی دەخۆن

دوو ركابه‌ره‌كه‌ سازش بۆ یه‌كتر ناكه‌ن

K24- هه‌ولێر:

کۆشکی سەرۆك کۆماریی ئەفغانستان رایگەیاند، سبەی رێوڕەسمی سوێندخواردنی یاسایی "محەممەد ئەشرەف غەنی" بەڕێوەدەچێت. له هەمان کاتدا ئەندامانی دەستەی هەڵبژاردنی عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەفغانستان گوتوویانه، ئەگەر سبەی ئەشرەف غەنی رێوڕەسمەکه بەڕێوەببات، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵاش له کۆشکی "سپیدار" رێوڕەسمی سوێندخواردنی یاسایی بەڕێوەدەبات.

بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئەفغانستان، له هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەو وڵاته، ئەشرەف غەنی %50.64ی دەنگەکانی بەدەست هێناوه و عەبدوڵڵاش %39.52 دەنگەکانی بۆخۆی بردووه، عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی رەت کردۆتەوه و دەڵێت: ساختەیەکی زۆر له هەڵبژاردنەکان کراوه و خۆی به براوە دەزانێت.

غوڵام بەهائەددین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئامادەکاری رێوڕەسمەکه دەڵێت: هەموو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ بەڕیوەبردنی سوێندخواردن کراوه و نوێنەری چەندین وڵاتیش بانگهێشت کراون و ئامادەیی خۆیان بۆ ئامادەبوون له رێوڕەسمه‌كه‌ دەربڕیوه.

سەرچاوەیەکیش له نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەفغانستان دەڵێت: گفتوگۆی نێوان ئەو دوو رکابەرە به نێوەندگیریی باڵیۆزخانەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بەردەوامه، بۆ ئەوەی ڕیوڕەسمی سوێندخواردنەکه دوابخرێت.

به گوتەی سەرچاوەکه، ئامانج له دواخستنەکه، رەخساندنی هەڵێکه بۆ ئەوەی چارەنووسی حکومەتی داهاتوو و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلایی بکرێتەوه.

لایەنگرانی هەردوو رکابەر، وێنەی بانگهێشتی رێوڕەسمی سوێندخواردنی هەردووکیان له تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوه.

حیکەمتوڵڵا حیکمەت، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنی عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا گوتوویەتی: رێوڕەسمی سوێندخواردنی ناوبراو له کۆشکی سپیدار بەڕێوەدەچێت.

عەبدوڵڵا عەبدوڵلا پێشتریش گوتبووی، ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنه ئەنجام، خۆی وەك سەرۆك کۆمار دەناسێنێت.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەفغانستان له‌ 28ی سێپتەمبەر ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دوای پێنج مانگ راگەیەندرا.

H.B