ئاماری نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا راگەیەندرا
گیان لەدەستدان لە چین كەمبووەتەوە
K24 - ھەولێر
لە ناوچەی ھۆبێی چین 40 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و بۆ دووەم رۆژ چین ھیچ حاڵەتێكی توشبوون بە كۆرۆنای لە دەرەوەی ئەو ناوچەیە تۆمار نەكرد و لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 22 كەس گیانیان لەدەستداوە.
لیژنەی نیشتمانی چین بڵاوی كردووەتەوە، لە دەرەوەی ناوچەی ھۆبێی دووەم رۆژە ھیچ كەس تووشی كۆرۆنا نابێت، لە دوێنێوە لەو ناوچەیە كە ناوەندەكەی ووھانە، 40 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون. ئەوەش كەمترین ئامارە لە 20ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە. بەمەش رێژەی توشبووان لە چین بۆ ھەشتا ھەزار و 735 كەس بەرزبووەوە، ھەروەھا سێ ھەزار و 119 كەس تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە.
ھەروەھا لە كۆریای باشوور 69 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە بوون و رێژەی توشبوون لەو وڵاتەش لە دابەزیندایە.
لە سعوودیەش چوار كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسەكە بوون و رێژەی تووشبووان گەیشتە 15 كەس و گەشت و ھاتووچۆشی بۆ نۆ وڵات وەستاند.