ئەوروپا 25 ملیار یۆرۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەرخانكرد

بودجەی ئیتاڵیا زیاتر دەبێت

K24 - برۆكسل

لە كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی ئەوروپا بڕیاردرا كە 25 ملیار یۆرۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتە ئەوروپییەكان تەرخان بكرێت.

بۆ یەکەم جار کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا بە بەشداری 27 سەرکردە لە رێگای ڤیدیۆکۆنفرانسەوە، لە برۆکسل ئەنجامدرا و چارلیز میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد.

لە كۆبوونەوەكەدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا بەدابینکردنی بڕی 25 ملیار یۆرۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئۆرسێلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئاشکرای کرد، ئەو بودجەیەی تەرخانکراوە 27 وڵاتە ئەوروپییەکان دەگرێتەوەو ئیتاڵیا زۆترین بودجەی بۆ تەرخانکراوە.

ڤۆندەرلاین راشیگەیاند "تەندروستی ھاووڵاتییانمان لەسەروی ھەموو شتێکەوەیە".

بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لەئەوروپا ecdc تاوەکو ئێستا 17 ھەزار و 430  کەس لە ئەوروپا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و 4 ھەزار و 292 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی ئەوروپا لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە
كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی ئەوروپا لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە