سعوودیە.. 38 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا راگەیاندران
زۆربەیان لە وڵاتانی دیكە گەڕاونەتەوە
K24- هەولێر:
وەزارەتی تەندروستی سعودیە تۆماركردنی 38 حاڵەتی نوێ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی راگەیاند.
لە بەیاننامەیەكدا كە لە رۆژنامەی عوكازی سعوودیە بڵاوكرایەوە، وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە دووپاتی كردەوە، زۆربەی تووشبووان ئەوانەن كە لە وڵاتانی دیكەوە گەڕاونەتەوە، لەوانەش ئیسپانیا، ئەڵمانیا، عێراق و ئیتاڵیا.
ئاماژەی بەوەشدا، جگە لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی لەناو تووشبووانی ئەمڕۆ ئافرەتێك و پیاوێكی میسری و ئافرەتێكی توركی هەن، كە لەو دوو وڵاتە هاتوونەتە سعوودیە.
وەزارەتی تەندروستی سعودییە ئاشكرایكرد، كۆی ئەوانەی لە وڵاتەكەیان تووشی پەتاكە بوونە، ژمارەیان بۆ 171 حاڵەت هەڵكشاوە، لەو ژمارەیەش 6 كەس بەیەكجاری چاكبوونەتەوە و ئەوانەی كە ماون لەژێر چاودێری پزیشكی كەرەنتینە كراون، بەبێ ئەوەی هیچ حاڵەتێكی مردنی راگەیاندبێت.
داواشی لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی كرد، پابەندی رێنماییەكان بن و لە قەرەباڵغی دوور بكەونەوە و تەوقە نەكەن و گرنگی بە دەستشوشتنی بەردەوام بدەن.
H.B