بەهۆی كۆرۆنا نرخی نەوت ئەوپەڕی دابەزینی تۆماركرد

یەك بەرمیل خامی ئەمەریكا لە تەنیا 20 دۆلار نزیك دەبێتەوە

K24- هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەك بەرمیل نەوتی خامی ئەمەریكا بۆ نزمترین ئاستی 18 ساڵی رابردوو داكەوت و هەر بەرمیلێك بە 20 دۆلار و 37 سەنت دابەزی، لە كاتێكدا نرخی خامی برێنت لەماوەی 16 ساڵی رابردوودا نزمترین ئاستی تۆماركرد.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی ئەمەریكا لە 26 دۆلار و 95 سەنتەوە بۆ 20 دۆلار و 37 سەند دابەزی، بەمەش لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا رێژەی لە 24.42%ی نرخەكەی لەدەستداوە.

دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گەشتەكان و چلاكییە نێودەوڵەتییەكان و كۆمەڵایەتییەكان سنوورداركران، خواست لەسەر نەوت و دەركراوەكانی لەسەر ئاستی جیهان كەمبووەتەوە.

بانكی "گۆڵدمان ساكس"ی وەبەرهێنان لەم بارەیەوە دووپاتیكردەوە، "تادێت خواست لەسەر نەوت كەمتر دەبێتەوە" و پێبینیشی كرد، لە چارێگی دووەمی نیوەی یەكەمی ئەمساڵ نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ 20 دۆلار دابەزێت، كە دوای ساڵی 2002 یەكەم جارە بازاڕی وزەی جیهانی ئەم ئاستە تۆمار بكات.

هەروەك بانكەكە پێشبینی كرد، بەهۆی پەتای كۆرۆنا تا كۆتایی ئەم مانگە خواستی رۆژانە لەسەر نەوت بۆ 8 ملیۆن بەرمیل كەم بێتەوە و لەسەر ئاستی ساڵانەش ئەو خواستە بۆ ملیۆنێك و 100 هەزار بەرمیل كەم بێتەوە، ئەمەشی بە گەورەترین دابەزین وەسف كرد.

H.B

Fly Erbil Advertisment