پۆستی قایمقامێتی قەزای دووز خوورماتوو ئاڵۆزی خستووەتە نێوان گروپەکانی حەشدی شەعبی

کێشەی ئەمنی دروست کردووە

K24- گەرمیان:

کەمێک لەمەوبەر پێنج گوللە هاوەن ئاراستەی سەنتەری قەزای دووز خورماتوو کرا بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی برینداربوون، کێشەکەش بۆ ناکۆکی لەسەر پۆستی قایمقام دەگەڕێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان کەلە سەرچاوەیەکی ئەمنی قەزاکە دەست کوردستان24 کەوتووە، هاوەنەکان لەباشووری قەزاکەوە ئاراستەی سەنتەری شارەکە کراون، ئەو ناوچەیەی هاوەنەکانی لێ ئاراستە کراوە لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی حەشدی شەعبی دایە.

ئەمە لەکاتێک دایە لەماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا بۆ دووەمین جارە بە هاوەن بۆردوومانی سەنتەری قەزاکە دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئەمنیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، هۆکاری بۆردوومان کردنی سەنتەری قەزاکە بۆ ململانێی نێوان گروپەکانی حەشدی شەعبی گەڕاندەوە لەسەر ئەوەی ماوەیەکە ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان لەسەر پۆستی قایمقامێتی قەزاکە.

ئەویش بەهۆی ئەوەی چەند مانگێکە، حەسەن زەین عابدین قایمقامی قەزای دووزخوورماتوو، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە دۆسییەی گەندەڵی لەلایەن دەستەی دەستپاکی پارێزگای سەڵاحەدینەوە هەڵاتبوو .

ماوەی دوو ڕۆژیشە بەبێ داخستنی دۆسیەکەی بە پشتیوانی چەند گروپێکی حەشدی شەعبی گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی ئەمەش ناکۆکی درووست کردووە لەنێوان گروپەکانی حەشدی شەعبی و ئاڵۆزی درووست کردووە.