وه‌زیرێكی پێشووی لوبنان تووشی كۆرۆنا بوو
كاندیدی ئه‌م دوایه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی لوبنان بوو
K24- هه‌ولێر:
فیولیت خه‌یروڵڵا، وه‌زیری پێشووی لوبنان بۆ كاروباری ئافره‌تان، كه ده‌كاته هاوسه‌ری محه‌مه‌د سه‌فه‌دی، سیاسه‌تمه‌داری ته‌رابلسی، كه به‌م دواییانه خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران كاندید كردبوو، تووشبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی به ڤایرۆسی كۆرۆنای رایگه‌یاند.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له نووسینگه‌ی خهیروڵڵاوه ده‌ركراوه، راگه‌یه‌ندراوه، سه‌فه‌دی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه و ئێستا دۆخی ته‌ندروستی جێگیره.
هیواشی خواست، "ناوی سه‌فه‌دی زوو بچێته ناو لیستی ئه‌و كه‌سانه‌ی له په‌تاكه چاك بوونه‌ته‌وه".
دووپاتیشی كرده‌وه، "داوای له سه‌رجه‌م هاوڕێ، دۆست و كه‌سه نزیكه‌كانی سه‌فه‌دی كردووه، كه له‌و ماوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵی تێكه‌ڵ بوونه، خۆیان كه‌ره‌نتینه بكه‌ن".
فیولیت خه‌یروڵڵا ئاشكرایكرد، "دوای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی تووشبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ئه‌ویش بۆ ماوه‌ی داواكراو خۆی له ماڵه‌وه كه‌ره‌نتینه ده‌كات، هه‌رچه‌نده ئه‌نجامی پشكنینه پزیشكییه‌كانی نێگه‌تیڤ "پاك" ده‌رچوونه".
جێگای ئاماژه‌یه، محه‌مه‌د سه‌فه‌دی له چه‌ندین كابینه‌ی حكومه‌ته‌كانی وڵاته‌كه‌ی پۆستی وه‌زاری به‌ڕێوه‌بردووه، له‌وانه‌ش: "وه‌زیری به‌كارخستنی گشتی، وه‌زیری ئابووری بۆ ماوه‌ی دوو خول، وه‌زیری دارایی"، وێڕای به‌ڕێوه‌به‌ردنی چه‌ند پۆستێكی دیكه‌ی ئیداری، خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی سه‌فه‌دی بۆ گه‌شه‌پێدانه.
ئه‌مه دوای ئه‌وه دێت، دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لوبنان تۆماركردنی 24 حاڵه‌تی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنای له وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند، به‌مه‌ش كۆی ئه‌وانه‌ی له‌و وڵاته تووشی په‌تاكه بوونه، ژماره‌یان بۆ 206 حاڵه‌ت به‌رز بووه‌وه.
له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لوبناندا هاتووه، "ئه‌م ژماره‌یه ئاماژه‌یه بۆ ده‌ستپێكی قۆناغی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له لوبنان، بۆیه پێویسته سه‌رجه‌م رێكاره‌كانی خۆپارێزی له وڵاته‌كه‌یان بسه‌پێندرێن، به تایبه‌ت مانه‌وه‌ی هاووڵاتیان له ماڵه‌وه".
H.B