گۆتێرێس داوای وەستاندنی شەڕی چەكداری و رووبەڕووبوونەوەی دوژمنی هاوبەشی مرۆڤایەتی دەكات
ململانێی سەربازی كەرەنتینە بكەن و دژی كۆرۆنا بجەنگن
.jpg)
K24- هەولێر:
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان داوا لە سەرجەم لایەنەكانی شەڕ لە جیهان دەكات، دەست لە ململانێی سەربازی هەڵگرن و بە یەكەوە رووبەڕووی ڤایرۆسی كۆرۆنا ببنەوە، ئەو پەتایەشی بە "دوژمنی مرۆڤایەتی" ناوی برد.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە رێگەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی روو لە لایەنەكانی جەنگ لە جیهان، گۆتێرێس گوتی: "ئێستا كۆرۆنا بووەتە دوژمنێكی هاوبەشی مرۆڤایەتی و بەزەیی بە هیچ كەسێك ناكات و جیاكاری لە نێوان هیچ رەگەز و چین و توێژێكی مرۆڤایەتیدا ناكات، لەكاتێكدا كە ململانێی سەربازی جیهانی هەڵزڕاندووە و زۆرترین زیانیشی بە ئافرەت، منداڵ، خاوەن پێداویستی تایبەت، كەسانی فەرامۆشكراو و پەنابەران گەیاندووە".
گۆتێرێس دووپاتیكردەوە، "ڤایرۆسی شەڕانگێز جەنگێكی ئاشكرای هەڵگیرساندووە"، ئاماژەی بەوەشدا، "ئەمڕۆ داوای دەستبەجێ و گشتگیری جەنگ لە جیهان دەكەم، ئێستا كاتی ئەوەیە بۆ ئەوەی ململانێ سەربازییەكان كەرەنتینە بكرێن و بەیەكەوە زیاتر رووبەڕووی ئەو جەنگە راستەقینەیە ببینەوە، كە شاڵاوی بۆ سەر ژیانی ئێمە هێناوە".
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: "سیستەمی تەندروستی لەو وڵاتانەی بەهۆی جەنگەوە وێران بوونە، لە حاڵەتی داڕووخاندایە"، رووی بانگەوازەكەشی لە لایەنەكانی شەڕ كرد و داوای لێكردن، "چەكەكان بێدەنگ بكەن"، بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بواری مرۆییدا كار دەكەن، بتوانن رێڕەوی گەیاندنی هاوكاری و پێدانی ئومێد بگەیەننە ئەوانەی زۆرترین زیانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان پێگەیشتووە.
گۆتێرێس لە كۆتایی لێدوانەكەیدا جەختی كردەوە، "سنوورێك بۆ پەتای جەنگ دابنێن و شەڕی دژ بەو پەتایە رابگەیەنن، كە خەریكە وەك گەردەلوول جیهانەكەمان هەڵدەپێچێتەوە. ئەمەش بە وەستاندنی جەنگ لە سەرانسەری جیهان دەستپێ دەكات و لە هەموو كاتێكی دیكە زیاتر پێویستییەكی خێزانی مرۆڤایەتییەكەمانە".
H.B