عێراق.. 30 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركران

دوو حاڵەتی مردنیش تۆماركران

عێراق.. 30 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركران

ئاماری قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق بەرز بووەوە

دوو حاڵەتی مردنیش تۆماركران

K24- هەولێر:

لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی تەندروستی عێراق 30 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری عێراق راگەیاند.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، جەعفەر سادق عەللاوی، وەزیری تەندروستی چەند راسپاردە و داواكارییەك ئاراستەی هاووڵاتیان دەكات و لەم چەند خاڵەدا دەخاتە روو:

  • داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان دەكەین، ئەوانەی كە گومان لە نیشانەكانی تووشبوون بە ئەنفلۆوەنزا لەخۆیان دەكەن، بە زووترین كات سەردانی دامەزراوە تەندروستییەكان بكەن، بۆ ئەوەی رێگری لە زیاتر تێكچوونی دۆخی تەندروستییان بكرێت، بە تایبەت كە زۆربەی ئەوانەی بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لە ئەنجامی دواكەوتنیان بووە لە سەردانكردنی پزیشك، كە بەم هۆیەوە چارەسەركردنیان سەختتر دەبێت.
  • دەمانەوێت بە راشكاوانە رابگەیەنین، كە بەگوێرەی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی مامەڵە لەگەڵ تەرمی ئەو كەسانە دەكەین، كە بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، كە رێكارەكانی چۆنیەتی ناشتنیان لە گۆڕستانەكان، كە بەشێوەیەكە، گواستنەوەی تەرمەكان و چۆنیەتی شاردنەوەیان هیچ زیانێك دوای ناشتنیان لەدوای خۆی جێنەهێڵێت، بۆیە داوا لە مەرجەعە ئاینییەكان دەكەین، بێنە سەر خەت، بۆ ئەوەی ئاسانكاریمان بۆ بكەن و رێنمایی كەسوكاری مردووان بكەن.
  • ناوەندی پشكنینی تاقیگەیی كراوەتەوە و سەنتەرێكی زۆر پێشكەوتووە و تواناكانی لە ئاستێكدایە، كە ئەگەری زیادبوونی حاڵەتەكانی لەبەرچاو گرتووە.
  • هەوڵەكان لەلایەن پسپۆڕانی تاقیگەیی لە وەزارەت و سەرجەم فەرمانگە تەندروستییەكان بەردەوامن بۆ كردنەوەی زۆرترین ژمارەی تاقیگە، بۆ ئەوەی بتوانین پشكنین بە شێوەیەكی زنجیرەیی و ورد بكەین، لەم چوارچێوەیەشدا چەند تاقیگەیەك لە هەریەك لە بەسرە، نەجەف و ناوچەی كرخی بەغدا كراونەتەوە و لە ماوەی هەفتەیەكیشدا 13 تاقیگەی دیكە لە سەرانسەری عێراق دەكەینەوە، بۆ هەر پارێزگایەك كە ڤایرۆسەكەی لێ پشتڕاست كراوەتەوە، پشكنین لە ناوەندی پارێزگاكان ئەنجام دەدرێن.
  • پسپۆڕانی پزیشكی توانیویانە بە هەوڵەكانیان تا ئاستێكی باش ئەركی خۆیان بەجێ بگەیەنن و توانیویانە بەگوێرەی پرۆتۆكۆڵە جیهانییەكانی چارەسەری لە چارەسەركردنی ژمارەیەكی زۆر حاڵەت سەركەوتوو بن.

هەروەها وەزیری تەندروستی عێراق پوختەی ئاماری تووشبوون، مردن و چاكبوونەوە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەم خاڵانەدا خستووەتە روو:

  • لەماوەی 24 كاتژمێرى رابردوودا 30 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری عێراق تۆماركراون، بەم شێوەیەی خوارەوە:
  • 6 حاڵەت لە ناوچەی روسافەی شاری بەغدا.
  • 3 حاڵەت لە شاری پزیشكی بەغدا.
  • حاڵەتێك لە بەسرە.
  • 2 حاڵەت لە موسەننا.
  • 4 حاڵەت لە كەربەلا.
  • حاڵەتێك لە كەركووك.
  • 4 حاڵەت لە نەجەف.
  • 6 حاڵەت لە سلێمانی.
  • حاڵەتێك لە دیوانییە.
  • 2 حاڵەت لە هەولێر.
  • دوو حاڵەتی مردن لە كەركووك و بابل تۆماركراون.
  • 14 حاڵەتی چاكبوونەوە لە ڤایرۆسەكە بەم شێوەیەی خوارەوە لە پارێزگاكان تۆماركراون:
  • 2 حاڵەت لە روسافەی بەغدا.
  • 3 حاڵەت لە بەسرە.
  • حاڵەتێك لە كەربەلا.
  • 2 حاڵەت لە نەجەف.
  • 5 حاڵەت لە سلێمانی.
  • حاڵەتێك لە دیالە.

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا وەزارەتی تەندروستی عێراق جەخت دەكاتەوە، بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەكانی جیهان مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكەن و داواش لە هاووڵاتیان دەكات، پابەندی رێنماییەكان بن.

H.B

 

Fly Erbil Advertisment