بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران عێراق په‌نا ده‌باته به‌ر چاپكردنی پاره
سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو قه‌یرانه‌كه سه‌رهه‌ڵده‌دات
K24- هه‌ولێر:
شانه‌ی به‌دواداچوونی حكومه‌ت له نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ئاشكرایكرد، حكومه‌تی عێراق له توانایدایه مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات، به‌ڵام بۆ مووچه‌ی مانگی داهاتوو له‌وانه‌یه په‌نا بباته به‌ر چه‌ند چاره‌سه‌رێكی دیكه. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێستا كه نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت بۆ 18 دۆلار دابه‌زیوه، داهاتی عێراق له فرۆشی نه‌وتی مانگانه ته‌نیا یه‌ك ملیار دۆلاره، له‌كاتێكدا ته‌نیا بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران عێراق بۆ هه‌ر مانگێك پێویستی به 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاره، بۆیه دوور نییه وه‌ك دوایین بژارده عێراق مانگی داهاتوو په‌نا بۆ چاپكردنی پاره ببات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بكات.
مسته‌فا جه‌بار سه‌ند، سه‌رۆكی شانه‌ی ناوبراو له دیدارێكی رۆژنامه‌وانیدا گوتی: "قه‌یرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌ته هۆی په‌ككه‌وتنی ئابووری به شێوه‌یه‌كی گشتی و كه‌رتی نه‌وت به تایبه‌ت، كه به‌هۆی ئه‌و په‌تایه خواستی جیهان بۆ نه‌وت رۆژانه 10 ملیۆن به‌رمیل كه‌م بووه‌ته‌وه و پێشبینیش ده‌كرێت، مانگی داهاتوو ئه‌و خواسته 9 ملیۆن به‌رمیلی دیكه‌ی رۆژانه كه‌م بێته‌وه"، گوتیشی: "ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له جیهان ته‌نیا نرخه‌كه‌ی یه‌ك دۆلار كه‌م بێته‌وه، ئه‌وا بودجه‌ی ساڵانه‌ی عێراق یه‌ك ملیار دۆلار زیانی پێ ده‌گات".
رونیشی كرده‌وه، "له ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا، یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی عێراقی له 58 دۆلاره‌وه بۆ 18 تا 19 دۆلار دابه‌زیوه، به‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له 90 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك دابه‌زیوه، نزیكه‌ی 40 ملیار دۆلار زیان به عێراق گه‌یشتووه".
له به‌رده‌وامی دیداره‌كه‌یدا، مسته‌فا جه‌بار سه‌ند دووپاتی كرده‌وه، "ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك به 18 دۆلار به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا داهاتی مانگانه‌ی وڵات ته‌نیا 2 ملیار دۆلار تێپه‌ڕ ناكات، كه له‌و بڕه پاره‌یه‌ش ملیارێك بۆ كۆمپانیاكانی بواری نه‌وته و ته‌نیا یه‌ك ملیار بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌كاتێكدا ته‌نیا بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، مانگانه پێویستیمان به بڕی 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاره".
سه‌رۆكی شانه‌ی به‌دواداچوونی حكومه‌تی عێراق جه‌ختی كرده‌وه، "عێراق هه‌میشه دوای 40 رۆژ له فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌ی داهاتی فرۆشه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش مانای وایه بۆ ئه‌م مانگه ده‌توانێت به پاره‌ی فرۆشی مانگی رابردوو، كه هێشتا نه‌وت ئه‌و دابه‌زینه‌ی به‌خۆیه‌وه نه‌بینیبوو، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ ئه‌م مانگه دابین بكات، به‌ڵام بۆ مانگی داهاتوو په‌نا بۆ چه‌ند بژارده‌یه‌كی دیكه ده‌بات، له‌وانه‌ش فرۆشتنی سه‌نه‌ده بانكییه‌كان، یان قه‌رزی ده‌ره‌كی، یاخۆد ناوخۆیی".
هه‌روه‌ها گوتی: "كه‌رته‌كانی دیكه‌ی وه‌ك گومرگ، باج و ئه‌وانی دیكه كه داهاتی ساڵانه‌یان ده‌گاته 6 ملیار دۆلار، به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا په‌كیان كه‌وتووه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێستا قه‌رزێك له بانكی نێوده‌وڵه‌تی خراوه‌ته روو، كه به‌هاكه‌ی 3 ملیار دۆلاره و مه‌رجی بانكه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه نابێت بۆ مووچه خه‌رج بكریت"، رونیشی كرده‌وه، "یه‌كێك له بژارده‌كان كه له‌وانه‌یه حكومه‌تی عێراق په‌نای بۆ ببات، چاپكردنی دراوه"، گوتیشی: "به‌بێ بوونی یه‌ده‌گی زێڕ و ژێرخانێكی به‌هێز ئه‌مه مه‌حاڵه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه دوایین بژارده‌یه، كه له‌وانه‌یه عێراق به‌ناچاری په‌نای بۆ ببات، رەنگە بۆ ماوه‌ی مانگێك یان دوو مانگ دۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت".
باسی ئه‌وه‌شی كرد، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا یه‌كه‌م وڵاتی جیهانه پابه‌ندی پرسی چاپكردنی دراوه به تایبه‌ت دۆلار، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بڕیاریدا بڕی 2 ترلیۆن دۆلار چاپ بكات، چ جای وڵاتانی دیكه، كه پشت به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی ده‌به‌ستن"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ عێراق، كه یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی پشت به دراوی ئه‌مه‌ریكی ده‌به‌ستێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "به‌م بڕیاره كه له‌سه‌ر داواكاری دۆناڵد تره‌مپ بۆ رێكه‌وتنی نێوان كۆماری و دیموكراته‌كان له كۆنگرێس ده‌ركرا، ئابووری ئه‌مه‌ریكا بووژانه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی و بوژانهوهكه بازاڕی ئه‌وروپا و ژاپۆنی گرته‌وه، هه‌روه‌ك بازاڕی نه‌وتیش بۆ هه‌ر به‌رمیلێك 3 دۆلار له نرخه‌كه‌ی به‌رز بووه‌وه".
H.B